پزیشکیان: ئامادەین جەنگ کۆتایی پێ بهێنین، بەڵام پێویستمان بە گەرەنتییە
سەرۆککۆماری ئێران، رایگەیاند: کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە 32 رۆژە بەردەوامە. بەڵام جەختی کردەوە، کە ئەم هەنگاوە پێویستی بە گەرەنتیی نێودەوڵەتی هەیە و متمانەی بە دیپلۆماسییەتی ئەمریکا نییە.
سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە لێدوانێکدا، ئاماژەی بەوە دا، کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە 32 رۆژە بەردەوامە، بەو مەرجەی گەرەنتی پێویست هەبێت.
پزیشکیان رەخنەی لە سیاسەتەکانی واشنتن گرت و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەمریکا لە کاتی دانوستانەکاندا دوو جار هێرشی کردووەتە سەر ئێران، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان بڕوایان بە دیپلۆماسی نییە.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" رایگەیاندبوو: "پێموایە جەنگ لەگەڵ ئێران بەم زووانە کۆتایی دێت."
ترەمپ جەختی کردبووەوە، کە وڵاتەکەی تواناکانی ئێرانی بە تەواوی تێکشکاندووە و ئەرکی سەرەکیی ئەو تەنیا رێگریکردن بووە لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ گوتوبووشی: "کاتێک ئێمە ناوچەکە جێدەهێڵین، گەرووی هورمز بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەکرێتەوە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.