مەجید مووسەوی: زیاتر لە 200 سەربازی ئەمریکیمان لە سعوودیە کردە ئامانج

فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرای کرد، هێزەکانیان بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی فڕۆکەوانان و تیمی ئاسمانیی ئەمریکا لە ناوچەی خەرج لە سعوودیە. بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەم هێرشەدا زیانی گەورەی گیانی و مادییان بە سوپای ئەمریکا گەیاندووە و سیستەمە هەواڵگرییە ئاسمانییەکانیان پەکخستووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند، هێزەکانی سەر بە ئێران ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان بە درۆن و مووشەک بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی فڕۆکەوانان و تیمی فڕۆکەوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پارێزگای خەرج لە سعوودیە ئەنجام داوە.

مووسەوی جەختی کردەوە کە هێرشەکە 200 کەسیی ئەو هێزانەی پێکاوە و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا.

بەپێی گوتەی ، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران، زیانەکان تەنیا لایەنی مرۆییان نەگرتووەتەوە، بەڵکوو هێزەکانیان توانیویانە سیستەمەکانی چاودێری و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی جۆری (AWACS) و چەندین تانکەری گواستنەوە و کۆگای سووتەمەنی لەو ناوچەیەدا تێک بشکێنن.

مووسەوی لە پەیامەکەیدا روو لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و پیت هەگسێت، وەزیری جەنگ کرد و رایگەیاند، کە دەبێت ئێستا لیستی کوژراوان و بریندارانی تیمە ئاسمانییەکانیان بۆ ئامارە فەرمییەکانیان زیاد بکەن.