وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: بەگوێرەی زانیارییەکان کەتائیبی حزبوڵڵا رۆژنامەنووسەکەی رفاندووە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئاگاداری رفاندنی رۆژنامەنووسێکی وڵاتەکەیانن لە بەغدا و ئاشکرای کرد کە کەسێکی سەر بە گرووپی "کەتائیبی حیزبوڵڵا" بە تۆمەتی تێوەگلان لەو رفاندنەدا دەستگیرکراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە ئاگاداری هەواڵی رفاندنی رۆژنامەنووسێکی ئەمریکیین لە بەغدا، پێشتریش ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە لە ئاگادارکردنەوەی ئەو کەسە سەبارەت بەو هەڕەشانەی لەسەری بووە، ئێستاش لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) بەردەوامین لە هەماهەنگی بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی لە زووترین کاتدا."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "کەسێک کە پەیوەندی بە گرووپی (کەتائیبی حیزبوڵڵا)ی نزیک لە ئێران هەیە و وا بڕوا دەکرێت لە رفاندنەکەدا تێوەگلابێت، لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەستبەسەر کراوە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە هێشتا عێراق لە ئاستی چوارەمی مەترسیی گەشتکردندایە، داواش لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات بە هیچ مەبەستێک گەشت بۆ عێراق نەکەن و ئەوانەشی لەوێ نیشتەجێن، دەستبەجێ خاکی عێراق جێبهێڵن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، واشنتن بە توندی داوا لە هەموو هاووڵاتییانی ئەمریکی، بە ئەندامانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسانیشەوە دەکات، کە پابەندی تەواوی ڕێنمایی و هۆشدارییەکانی گەشتکردن بن کە لەلایەن وەزارەتەکەوە بڵاودەکرێنەوە.
هەروەها وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئێوارەی ئەمڕۆ رۆژنامەنووسێکی بیانی بەناوی" شێڵی کیتڵسۆن" رووبەڕووی رفاندن بووەتەوە لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری، ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانییان ئەنجامدا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کاتی راوەدووناندا، ئۆتۆمبێلێکی رفێنەرەکان وەرگەڕاوە و توانراوە یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیربکرێت و دەستبەسەر ئۆتۆمبێڵەکەدا بگیرێت.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی تەواوی تۆمەتبارەکان و رزگارکردنی رۆژنامەنووسە رفێندراوەکە بەردەوامە و لێکۆڵینەوەش بۆ ئاشکراکردنی تەواوی وردەکارییەکانی رووداوەکە دەستیپێکردووە."