ناتانیاهۆ: جەنگی ئێران قۆناغی نیوەی تێپەڕاندووە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جەختی لەوە کردەوە کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە جیهاندا بێوێنەن و رایگەیاند, زۆربەی ئامانجەکانی جەنگی دژ بە ئێران بەدیهێنراون و ئێستا جەنگ لە رووی جێبەجێکردنی ئەرکەکانەوە قۆناغی نیوەی تێپەڕاندووە.

سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تیشکی خستە سەر باڵادەستیی سەربازیی ئیسرائیل و رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە هەر دوو بواری بەرگری و هێرشبردندا توانایەکی بێوێنەی لە جیهاندا هەیە و گوتی: ئێمە سەلماندمان کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێمە باشترینن لە جیهاندا، و ئێستا زۆرێک لە وڵاتانی جیهان داوای هاوکاری و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و تەکنۆلۆژیای ئێمە دەکەن، چونکە دەزانن کە ئیسرائیل لە رووی هێرش و بەرگرییەوە لە پلەی یەکەمدایە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، جەنگ لە رووی جێبەجێکردنی ئەرکە سەربازییەکانەوە بە ئاشکرا قۆناغی نیوەی تێپەڕاندووە، هەرچەندە ئامادە نەبوو وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی تەواوەتی شەڕەکە دەستنیشان بکات. هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە ئامادەن بۆ چەند هەفتەیەکی دیکەی شەڕی سەخت تاوەکوو گەیشتن بە ئامانجە کۆتاییەکان.