حکوومەتی عێراق بڕیاری کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی دەدات
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، بڕیاری گرنگی لەبارەی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و پاراستنی ئاسمانی وڵات دەرکرد، هاوکات دۆخی ئابووری و سەربازیی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، 13ـیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر ئابووریی عێراق تاوتوێ کران.
ئەنجوومەنەکە رەزامەندی نیشان دا لەسەر گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکان بۆ وەزارەتی بەرگری بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای هێزە چەکدارەکان.
سەبارەت بە گەشتە ئاسمانییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سەربازییەکان، کار بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە زووترین کاتدا بە مەرجی پاراستنی گیانی گەشتیاران.
لە لایەکی دیکەوە بە مەبەستی رێگەدان بە هاووڵاتییان بۆ بینینی یاریی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر بۆلیڤیا، بڕیاردرا دەوامی سبەینێ چوارشەممە بۆ کاتژمێر 9ـی بەیانی دوا بخرێت و پاداشتی دارایی بۆ یاریزانانیش دیاریی کرا.
هەروەها حکوومەت زنجیرەیەک بڕیاری بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و لێپرسینەوە لەو دامەزراوانە دەرکرد کە پابەندی رێنماییە داراییەکان نابن.