ترەمپ: جەنگی ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند کە جەنگی وڵاتەکەی دژ بە ئێران لە قۆناغی کۆتایی نزیک بووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا واشنتن لەگەڵ کەسایەتییەک لە سەرکردایەتی نوێی ئێران مامەڵە دەکات کە بەراورد بە بەرپرسانی پێشووی ئەو وڵاتە، "کەمتر توندڕەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "NBC News"ـی ئەمریکی، سەرنجی خستە سەر دواین پەرەسەندنەکانی جەنگی ئێران. ترەمپ بە گەشبینییەوە باسی لە ئایندەی ململانێکان کرد و رایگەیاند: "جەنگ لە ئێران لە لێواری کۆتاییهاتندایە."
سەرۆکی ئەمریکا هۆکاری ئەم گۆڕانکارییەی بۆ جۆری ئەو کەسانە گەڕاندەوە ئێستا لە تاران بڕیار دەدەن و گوتی: "پێم وایە ئێمە ئێستا لەگەڵ کەسێک لە ناو سەرکردایەتی ئێراندا مامەڵە دەکەین کە زۆر کەمتر لە سەرکردەکانی پێشوو توندڕەوە."
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گوتی: سوپای ئێران تێکشکاوە و سەرکردایەتییەکی نوێ هاتووەتە پێش کە زۆر عەقڵانیترن؛ ئێمە زۆر باشین و جەنگەکە بەرەو کۆتایی دەچێت.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی هەبوونی گفتوگۆی نهێنی لە نێوان واشنتن و تاران لە ئارادابوو، و واشنتنیش چەندین جار ئاماژەی بەوە کردبوو کە زۆربەی تواناکانی پێشووی ئێران و سەرکردە باڵاکانیان لەناوچوون.