سێنتکۆم بانگەشەکانی سوپای پاسداران بۆ کوشتنی 200 فڕۆکەوانی ئەمریکی رەت دەکاتەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، بە توندی ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە بەئامانجگرتنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکان لە سعوودیە. جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە هەواڵە ناڕاستانە تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەو شکستە سەربازییە گەورانەیە کە لەم دواییانەدا بەر تاران کەوتوون.

لە وەڵامێکدا بۆ راگەیەندراوێکی سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) کە تێیدا بانگەشەی ئەوە کرابوو هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ناو خاکی سعوودیە و 200 فڕۆکەوان و ستافی فڕۆکەوانی کراونەتە ئامانج، سێنتکۆم رایگەیاند، هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە سعوودیە زیانی پێنەگەیشتووە و ئەم هەواڵانە دوورن لە راستی.

ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئاداری 2026، مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند، هێزەکانی سەر بە ئێران ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان بە درۆن و مووشەک بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی فڕۆکەوانان و تیمی فڕۆکەوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پارێزگای خەرج لە سعوودیە ئەنجام داوە.

مووسەوی جەختی کردەوە کە هێرشەکە 200 کەسیی ئەو هێزانەی پێکاوە و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا.