پاپای ڤاتیکان: ترەمپ دەیەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت

پاپا لیۆی چوارەم، رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان، رۆژی سێشەممە داوای راگرتنی دەستبەجێی توندوتیژی و بۆردوومانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد. پاپا هیوای خواست لێدوانەکانی ئەمدواییەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ببنە هەنگاوێکی کردەیی بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ

پاپا لیۆی چوارەم، لە کاتی بەجێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوونی لە کاستێل گاندۆلفۆ بەرەو ڤاتیکان، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، پێیان راگەیاندم کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەم دواییانەدا ئارەزووی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەربڕیوە؛ هیوادارم ئەو بە راستی بەدوای رێگەیەکدا بگەڕێت بۆ کەمکردنەوەی ئاستی توندوتیژی و بۆردوومانەکان."

پاپا جەختی کردەوە کە گەیشتن بە ئاشتی دەبێتە هاوکارییەکی گەورە بۆ نەهێشتنی ئەو رق و کینەیەی کە بەهۆی جەنگەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی دیکەدا خەریکە قووڵتر دەبێتەوە. داواشی لە هەموو سەرکردەکانی جیهان کرد بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ پێویستە هەموومان پێکەوە بەدوای چارەسەری کێشەکاندا بگەڕێین نەک برەودان بە شەڕ.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی ئیستەر ، پاپا لیۆ ئاماژەی بە پیرۆزیی ئەم کاتە کرد و رایگەیاند: "ئەمە دەبێت پیرۆزترین و ئارامترین کاتی ساڵ بێت بۆ قووڵبوونەوە و ئاشتی، بەڵام دیسان لە زۆر شوێنی جیهان دەبینین خەڵکی مەدەنی و منداڵی بێتاوان دەبنە قوربانیی توندوتیژی و رق."