سێنتکۆم: هۆڵێکی وەرزشی لە شاری لامێرد بە مووشەکی ئێرانی بۆردوومان کراوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە توندی ئەو تۆمەتانەی رەت کردەوە کە باس لە هێرشی ئەمریکا دەکەن بۆ سەر هۆڵێکی وەرزشی و ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری لامێردی ئێران. سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە بەپێی بەڵگە تەکنیکییەکان، ئەو مووشەکەی لە ناوچەکە کەوتووەتە خوارەوە مووشەکێکی کڕوزی ئێرانییە و تاران بە مەبەست چەواشەکاری دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، تیم هاوکینز، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM)، لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە میدیاکان بڵاوکرابوونەوە. هاوکینز جەختی کردەوە کە لە رۆژی 28ـی شوبات، کە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" (Operation Epic Fury) بوو، هێزەکانی ئەمریکا هیچ جۆرە هێرشێکیان بۆ ناو شاری لامێرد یان هەر ناوچەیەک لە مەودای 30 میل لەو شارە ئەنجام نەداوە.
گوتەبێژی سێنتکۆم پەردەی لەسەر وردەکارییە تەکنیکییەکان لادا و رایگەیاند: "ئەو ڤیدیۆیانەی وەک بەڵگە نیشان دەدرێن، مووشەکی پێکانی وردی ئەمریکی (PrSM) نین. مووشەکی ئەمریکی تەنیا 13 پێ درێژە، بەڵام ئەو مووشەکەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت دوو هێندە درێژترە و بە تەواوی لەگەڵ رەهەند و شێوەی مووشەکی کڕوزی حەویزەی ئێرانی دەگونجێت."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کرد کە سوپای ئەمریکا بە پێچەوانەی ئێرانەوە، هەمیشە وریای پاراستنی گیانی مەدەنییەکانە. واشنتن تارانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە تەنیا لەم شەڕەدا زیاتر لە 300 جار هێرشی کردووەتە سەر شوێنە مەدەنییەکان لە وڵاتانی دراوسێ، و ئێستاش دەیەوێت هەڵە سەربازییەکانی خۆی وەک هێرشی ئەمریکا بە جیهان بناسێنێت.