وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئیمارات دەبێتە یەکەم وڵاتی کەنداو کە راستەوخۆ دەچێتە نێو جەنگی دژ بە ئێرانەوە
لە پێشهاتێکی کتوپڕ دا کە نەخشەی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە دەگۆڕێت، ئیمارات ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بە هێزی سەربازی و لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیدا، گەرووی ستراتیژیی هورمز بکاتەوە. ئەم بڕیارەی ئەبوزەبی دوای ئەوە دێت کە ژێرخانی ئابووری و گەشتیاریی وڵاتەکە کەوتووەتە بەر قورسترین شەپۆلی هێرشە مووشەکییەکانی تاران.
چوارشەممە 1ی نیسانی 2026، بەرپرسانی باڵای عەرەب بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان راگەیاندووە، ئیمارات لە هەوڵێکی چڕی دیپلۆماسیدایە بۆ دەرکردنی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکوو شەرعیەت بە بەکارهێنانی هێزی چەکدار بدات بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.
دیپلۆماتە ئیماراتییەکان داوایان لە ئەمریکا، ئەوروپا و وڵاتانی ئاسیا کردووە هاوپەیمانییەکی سەربازی پێکبهێنن، چونکە بە بڕوای ئەوان ئێران بۆ مانەوەی خۆی دەجەنگێت و ئامادەیە ئابووریی جیهان لەگەڵ خۆیدا نوقم بکات.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئیمارات بە وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە سیاسەتی ئەو وڵاتە دادەنرێت؛ چونکە پێشتر دوبەی ناوەندێکی سەرەکیی دارایی بۆ ئێران بوو و ئەبوزەبی هەوڵی نێوەندگیری دەدا، بەڵام دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ی شوبات و ئاراستەکردنی زیاتر لە 2,500 مووشەک و درۆن بۆ سەر ئیمارات کە زۆرترە لەو ژمارەیەی ئاراستەی ئیسرائیل کراوە، ئەبوزەبی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە تاران هەڕەشەیەکی جددییە. هێرشەکان بۆ سەر هۆتێل و فڕۆکەخانەکانی دوبەی، کەرتی گەشتیاری و خانووبەرەی وڵاتەکەیان پەکخستووە و بووەتە هۆی بێکاربوونی هەزاران کەس.
ئیمارات لە هەنگاوێکی تونددا، گەشتی هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ ناو خاکی وڵاتەکەی قەدەغە کرد و نەخۆشخانە و یانە ئێرانییەکانی لە دوبەی داخست. هەروەها داوای لە ئەمریکا کردووە کە ئەو دوورگە ستراتیژییانەی ناو گەرووی هورمز داگیر بکات بەتایبەت دوورگەی ئەبوموسا کە ئێران کۆنترۆڵی کردوون.
بەرپرسانی ئیمارات دەترسن هەر جۆرە رێککەوتنێکی دیپلۆماسی، مافی هەمیشەیی بداتە ئێران بۆ سەرپەرشتیکردنی گەرووەکە و وەرگرتنی باج، بۆیە خوازیاری چارەسەری سەربازیین پێش هەر جۆرە ئاگربەستێک.