ئاسایشی دەریایی بەریتانیا: لە نزیک دەوحە هێرش کرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر

ئاژانسی ئاسایشی دەریایی بەریتانیا (UKMTO)، رایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە ناو ئاوەکانی کەنداو و لە نزیک کەناراوەکانی دەوحەی پایتەختی قەتەر، بە تەنێکی نەناسراو پێکراوە. هێرشەکە زیانی ماددی بە کەشتییەکە گەیاندووە، بەڵام هیچ قوربانییەکی لێ نەکەوتووەتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا ئاشکرای کرد، کە راپۆرتێکیان پێگەیشتووە دەربارەی رووداوێک لە دووری31 کیلۆمەتر لە باکووری شاری دەوحە. بەپێی ڕاپۆرتەکە: "کەشتییەکە لە لای چەپییەوە بەر تەنێکی نەناسراو کەوتووە و بووەتە هۆی دروستبوونی زیان لە بەشی سەرووی ئاستی ئاو لە جەستەی کەشتییەکەدا."

ئاژانسەکە جەختی کردەوە کە سەرجەم ستافی کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی ژینگەیی رژانی نەوت تۆمار نەکراوە، ئێستا دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دیاریکردنی جۆری تەنەکە و لایەنی بەرپرسیار لە هێرشەکە.