راپرسییەک: دوو لەسەر سێی ئەمریکییەکان داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران دەکەن
ئەنجامی نوێترین راپرسیی هاوبەشی رۆیتەرز و ئیپسۆس دەریدەخات کە زۆرینەی هاووڵاتییانی ئەمریکا خوازیاری کۆتاییهێنانێکی خێران بە جەنگی ئێران، تەنانەت ئەگەر ئامانجە دیاریکراوەکانی واشنتنیش بەدی نەهاتبن. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و بارگرانییە داراییەکان نیگەرانییەکی قووڵیان لای خەڵک دروست کردووە.
بەپێی راپرسییەکە کە لە نێوان رۆژانی هەینی تا یەکشەممەی رابردوو ئەنجامدراوە، نزیکەی 66%ـی بەشداربووان پێیان وایە پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە زووترین کات کۆتایی بە تێوەگلانی لە جەنگی ئێران بهێنێت. لە بەرانبەردا، تەنیا 27%ـی بەشداربووان لەگەڵ ئەوەدان ئەمریکا تا بەدیهاتنی تەواوی ئامانجەکانی لەم ململانێیە بەردەوام بێت، هەرچەندە جەنگەکە کاتێکی زۆریش بخایەنێت.
لە ناو لایەنگرانی پارتی کۆماریدا جۆرێک لە دابەشبوون دەبینرێت؛ 40%ـی کۆمارییەکان پشتیوانی لە کۆتاییهێنانێکی خێرا دەکەن، بەڵام 57%ـیان هێشتا لەگەڵ بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکاندان. بە شێوەیەکی گشتی، 60%ـی ئەمریکییەکان دژایەتی خۆیان بۆ بۆردوومانە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەیان دژ بە ئێران دەربڕیوە.
هۆکاری سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە لە رای گشتی ئەمریکادا بۆ لایەنە ئابوورییەکەی دەگەڕێتەوە. بەپێی ئامارەکان، نرخی گازوایلین لە ئەمریکا رۆژی دووشەممە 4 دۆلاری بۆ هەر گالۆنێک تێپەڕاند، کە ئەمە بەرزترین ئاستە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا تۆمار کرابێت. هەروەها زیاتر لە نیوەی بەشداربووانی راپرسییەکە پێیان وایە جەنگی ئێران کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر باری دارایی و بژێویی ئەوان دروست کردووە.