ئێران هۆکاری دەرنەکەوتنی موجتەبا خامنەیی ئاشکرا دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، روونکردنەوەی لەسەر هۆکاری دواکەوتنی دەرکەوتنی رێبەری نوێ موجتەبا خامنەیی دا و جەختی کردەوە، ناوبراو تەندروستی زۆر باشە و دەرنەکەوتنی تەنها پەیوەندیی بە بارودۆخی جەنگەوە هەیە.
چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، " موجتەبا خامنەیی لە تەندروستییەکی باشدایە و دواکەوتنی دەرکەوتنی لەبەردەم رای گشتیدا تەنها پەیوەندی بە بارودۆخی جەنگەوە هەیە".
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی ئەمریکا و گوتی، "چیتر هیچ کەسێک لە جیهاندا ناتوانێت متمانە بە دیپلۆماسییەتی ئەمریکا بکات، چونکە واشنتن دیپلۆماسییەت و دانوستانەکان وەک ئامرازێک بۆ زەمینەسازیی سەپاندنی داواکارییەکانی یان بەکارهێنانی هێز بەکاردەهێنێت".
هەروەها جەختیشی کردەوە، تاران بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە خۆی دەکات بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جەنگێک کە بە هاندانی ئیسرائیل ئەمریکای تێوەبگلێنرێت.