فەرهاد ئەترووشی: تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدی سەرۆککۆماری عێراق رێکنەکەوتوون

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نووری مالیکی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراقە و ناکۆکی قووڵ لەنێو ماڵی شیعەدا هەیە، تەنانەت لەنێو سوننەشدا ئەم دوو بەرەکییە هەیە.

فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، رایگەیاند: دۆخی ناوچەکە بۆ عێراق مەترسیدارە، بەهۆی هێرشەکانەوە زیانی گەورە بەر هەرێمی کوردستان کەوتوون، دۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرێن، لێکتێنەگەیشتن و ناکۆکی قووڵ لەنێو ماڵی شیعەدا هەیە، تەنانەت لەنێو سوننەشدا ئەم دوو بەرەکییە هەیە.

ئەترووشی گوتیشی: هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانەوە نییە، فراکسیۆنە کوردییەکان بەتەنیا ناتوانن پرسی سەرۆککۆمار لە پەرلەمان بەبێ رێککەوتن یەکلای بکەنەوە و میکانیزمەکانی سەرۆک بارزانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیموکراسی و یاسایین.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ سەرۆککۆماری عێراق رێکنەکەوتوون، بەڵام دانوستان و گفتوگۆی نێوان هەردوولا بەردەوامی هەیە، هاوکات هێرشە درۆنییەکان بووەتە هۆی وەستانی تەواوی جوڵە سیاسییەکان و گفتوگۆکان وەستاون.

هەروەها دەشڵێت: پێویستە کورد خۆی بڕیار لەسەر دیاریکردنی سەرۆککۆمار بدات، " تاوەکو ئێستا نووری مالیکی کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و چوارچێوەی هەماهەنگی نەیکشاندووەتەوە، بەڵام ناکۆکی قووڵ لەنێو ماڵی شیعەدا هەیە".

باسی لەوەش کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە و لایەنە شیعەکان دەزانن کێ لەپشت هێرشە درۆنییەکانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا یەک کەس لەسەر ئەم هێرشانە دەستگیرنەکراوە.