بارەگای لیوای 53ـی حەشدی شەعبی لە تەلەعفەر بۆردومان کرا
ئەمڕۆ دوو جار، هێرش کراوەتە سەر بارەگای لیوای 53ـی حەشدی شەعبی لە قەزای تەلەعفەری سەر بە پارێزگای نەینەوا، بەم هۆیەوە فەرماندەی فەوجی لیواکە گیانی لە دەست دا.
چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، دەستەی حەشدی شەعبی، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا، یاسین محەمەد سادق، فەرماندەی فەوجی لیوای 53ـی حەشدی شەعبی لە قەزای تەلەعفەر، لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا کوژرا.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، دوو هێرشی ئاسمانی؛ یەکەمیان لە کاتژمێر 5:50 و دووەمیان لە کاتژمێر 6:40ـی ئێوارە بووە. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، وەک ئامارێکی سەرەتایی، فەرماندەی فەوج و ئەندامێکی دیکەی حەشد کوژران، هەروەها چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
دەستەکە جەختی کردەوە، کە ئەم هێرشانە نایانوەستێنێت لە بەردەوامیدان لەسەر رێبازی قوربانیدان و بەخشین لە پێناو خزمەتکردنی نیشتمان و گەلدا.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، هەمیشە باڵیۆزخانەی ئەمریکا، نێردە دیپلۆماسییەکان، بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
لە بەرانبەردا ئەمریکا چەندین جار بنکە و بارگەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی عێراق، لە ناوچە و پارێزگا جیاوازەکانی دیکەی عێراق بە ئامانج گرتووە و چەندین سەرکردەی دیاریان کوژراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.