ترەمپ: ئەمریکا پێویستی بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوە و با وڵاتان خۆیان گەرووی هورمز بپارێزن
ترەمپ بڕیاری بەردەوامی جەنگی دا
لە گوتارێکی تەلەفزیۆنیی بۆ گەلی ئەمریکا و جیهان، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی سیستماتیکی تواناکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی. ترەمپ ئاشکرای کرد کە سوپای ئێران بە تەواوی تێکشکاوە و سەرکردایەتییەکی نوێ و "عەقڵانیتر" هاتووەتە پێش، هاوکات هۆشداریی دا کە ئەگەر تاران لە سێ هەفتەی داهاتوو رێککەوتنی ئاشتی واژۆ نەکات، تەواوی ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە لەناو دەبات.
پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گوتارەکەی سەرنجی خستە سەر تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" (Operation Epic Fury) دژ بە ئێران، کە بە "گەورەترین سپۆنسەری گرووپە لە یاسا دەرچووەکان لە جیهان" وەسفی کرد. ترەمپ جەختی کردەوە کە لە ماوەی تەنیا چوار هەفتەدا، سوپای ئەمریکا سەرکەوتنی وای بەدەستهێناوە کە مێژوو بە دەگمەن بینیویەتی.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەمشەو هێزی دەریایی ئێران نەماوە، هێزی ئاسمانییان بووەتە کەلاوە، ناوەندەکانی فەرماندەیی سوپای پاسداران خەریکە دەسڕێنەوە و کارگەکانی چەکیان وردوخاش کراون، تەنانەت ئەو چەکە نەبینراوانەشیان کە هەبوو لەنێومان بردن، ڕاشیگەیاند، ئێستا ئێران ناتوانێت دەست بۆ چەکی ئەتۆم ببات و تەنیا ژمارەیەکی کەم مووشەکی بۆ ماوەتەوە.
ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی سەرکردە پلە یەک و دووەکانی ئێران مردوون و گوتی: هەرچەندە بەدوای گۆڕینی دەسەڵات نین، بەڵام ، گۆڕینی دەسەڵات بە کردەیی روویداوە چونکە سەرکردە کۆنەکان هەموویان کوژراون، ئێستا ئێمە لەگەڵ گرووپێکی نوێ مامەڵە دەکەین کە کەمتر توندڕەون و زۆر عەقڵانیترن."
ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر ئیدارەی باراک ئۆباما و رێککەوتنە ناوەکییەکەی بە "کارەسات" ناوبرد و گوتی کە ئۆباما 1.7 ملیار دۆلار پارەی کاشی دایە تاران بەڵام ئەوان تەنیا گاڵتەیان بە ئەمریکا دەهات. ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەو خەریکی راستکردنەوەی هەڵەی 47 ساڵەی سەرۆکەکانی پێشووە و رێگری کردووە لەوەی تاران ببێتە خاوەن چەکی ناوەکی، کە بە گوتەی ئەو: "ئەگەر هێرشمان نەکردایە، تاران لە ماوەی تەنیا دوو هەفتەدا دەبووە خاوەن چەکی ئەتۆمی."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکە، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، ئەمریکا چیتر پێویستی بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و بەهۆی پرۆگرامی ئێمە ئێستا بەرهەمهێنەری ژمارە یەکی نەوت و گازین لە جیهاندا و زۆرتر لە کۆی بەرهەمی رووسیا و سعوودیە پێکەوە بەرهەم دەهێنین." ترەمپ رەخنەی توندی لەو وڵاتانە گرت کە ئامادە نەبوون لەم شەڕەدا هاوکاری بن و داوای لێکردن: "کەمێک ئازایەتی کۆبکەنەوە و خۆتان بچن گەرووی هورمز بپارێزن و نەوتەکەتان ببەن، چونکە ئەمریکا چیتر پێویستی پێی نییە."
ترەمپ رایگەیاند کە ئامانجە سەربازییەکان بەرەو تەواوبوون دەچن و گوتی: "لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا زۆر بە خراپی لە ئێران دەدەین و دەیانگەڕێنینەوە بۆ چاخی بەردین و هێزەکانمان ئێران جێبهێڵن، بەڵام ئەگەر رێککەوتنی ئاشتی واژۆ نەکرێت، ئەوا هەرچی وێستگەی کارەبا و بیرە نەوت و وێستگەی شیرینکردنی ئاوی دەریای ئێران هەیە، بەیەکجار و بە هاوکاتی وێران دەکرێن؛ ئاشکرای کرد، هێرشیان کردووەتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام کێڵگە نەوتییەکانیان نەکردووەتە ئامانج؛ دووپاتێشی کردەوە ڕێگە نادەن هیچ خراپەکارییەک بەردەوام بێت.
ترەمپ سوپاسی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە وەک ئیسرائیل، سعوودیە، قەتەر، ئیمارات، کوێت و بەحرەین کرد و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختیشی لەوە کردەوە، چیتر ڕێگە نادەین تاران هەڕەشە لە ئیسرائیل و هاوپەیمانانی کەنداو بکات