میدیاکانی ئێران: کەمال خەرازی لە هێرشێکدا لە تاران بریندار بوو
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی ماڵەکەی لە تاران، کەمال خەرازی، راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامی بریندار بووە و هاوسەرەکەشی گیانی لەدەستداوە، ئێستاش لە نەخۆشخانەیە و باری تەندروستی ناجێگیرە.
خەرازی وەزیری پێشووتری دەرەوە و یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی ناوەندی بڕیارە لە تاران. ناوبراو سەرۆکایەتی "ئەنجوومەنی ستراتیژیی پەیوەندییەکانی دەرەوە" دەکات، کە ئەنجوومەنێکە لە ساڵی 2006 لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانەوە بۆ هاوکاریکردن لە "بڕیارە گەورەکان" و دۆزینەوەی "ئاسۆیی نوێ" لە سیاسەتی دەرەوەدا دامەزرێنراوە.
خەرازی لە تاران وەک دیپلۆماتکارێکی خانەنشین سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک یەکێک لە پیاوانی "بازنەی ستراتیژی" دەبینرێت کە لە پشت پەردەوە کار دەکەن و بەشدارن لە داڕشتنی هەڵوێستە چارەنووسسازەکان و دیاریکردنی سنووری دانوستان و گرژییەکان.
خزمایەتی لەگەڵ رێبەر
خەرازی سەر بەو نەوەیەی دەستەبژێرە کە لە دوای شۆڕشەوە کاری میدیایی، دیپلۆماسی و ئەمنیيان پێکەوە گرێداوە. لە نێوان ساڵانی 1997 بۆ 2005 وەزیری دەرەوە بووە و پێشتریش نوێنەری هەمیشەیی ئێران بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە رووی سیاسی و خێزانییەوە، خەرازی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ماڵی رێبەر هەیە؛ خوشکەکەی (سەوسەن خەرازی) هاوسەری مەسعود خامنەیی کوڕی سێیەمی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێرانە. ئەمەش پێگەی ئەوی لە ناوەندە راوێژکارییەکاندا بەهێزتر کردووە.
پەیامهێنەری ساتە هەستیارەکان
لە چەندین وێستگەی هەستیاردا، خەرازی وەک دەنگی "پەیامە وردەکان"ی رژێمی ئێران دەرکەوتووە. لە مانگی ئایاری 2024دا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەرچەندە ئێران بڕیاری دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نەداوە، بەڵام ئەگەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکرێنە ئامانج، رەنگە "عەقیدەی سەربازی و ئەتۆمی" خۆی بگۆڕێت.
هەروەها لە تەمموزی 2024دا هۆشداری دابوو کە هەر هێرشێکی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی ناوچەیی گەورە.
ئامانجێکی ستراتیژی
بۆردومانکردنی ماڵی خەرازی وەک رووداوێکی ئاسایی نابینرێت، چونکە ئەو کەسایەتییەک بوو هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا دەردەکەوت بۆ ناردنی پەیامی نەرمی بۆ دانوستان.
ئەم هێرشەی سەر خەرازی ئەوە نیشان دەدات کە بازنەی جەنگ تەنیا دامەزراوە سەربازییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە ناو قووڵایی ئەو چینەی کە بڕیارە ستراتیژییەکانی ئێرانی تێدا دەردەکرێت.