سبەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر داوای فەرەنسا تاوتوێی دۆخی لوبنان دەکات

فەرەنسا بە فەرمی داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل زیاتر چووە نێو خاکی لوبنان و قەڵایەکی مێژوویی کۆنتڕۆڵ کرد. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، ئیسرائیل یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە و ئەم هەنگاوەی بە "هەڵەیەکی گەورە" ناوزەد کرد.

یەکشەممە 31ـی ئایاری 2026، ژان نوێل بارۆ،، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (BFMTV) رایگەیاند: "هیچ شتێک ناتوانێت بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و قووڵبوونەوەی داگیرکارییەکانی لە نێو خاکی ئەو وڵاتە رەوا بکات." بارۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم پەرەسەندنە نوێیە وای لێکردوون داوای کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایش بکەن.

ئەم هەڵوێستەی پاریس دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل توانی زیاتر بچێتە نێو خاکی لوبنان و دەست بگرێت بەسەر "قەڵای شەقیف"دا، کە قەڵایەکی مێژوویی سەدەی 12یە و پێگەیەکی ستراتیژیی گرنگی هەیە. ئیسرائیل ئاڵای وڵاتەکەی لەسەر قەڵاکە هەڵکردووە و دەیەوێت وەک بنکەیەک بۆ فراوانکردنی هێرشەکانی دژی حزبوڵا بەکاری بهێنێت.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتیشی: "هەرچەندە دان بە مافی ئیسرائیلدا دەنێین بۆ بەرگری لە خۆی بەرانبەر هێرشەکانی حزبوڵڵا، بەڵام ئەم پەرەسەندنە نوێیە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنێین."

لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ تێکشکاندنی پێگەکانی حزبوڵڵا چڕتر دەکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کۆنتڕۆڵکردنی قەڵای شەقیف دەرفەتێکی باشتری سەربازیی بۆ رەخساندوون تاوەکو سەرپەرشتی تەواوی ناوچەکە بکەن.