پاکستان داوای کردنەوەی بەپەلەی گەرووی هورمز دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، حکوومەتی پاکستان داوای کرد بە شێوەیەکی بەپەلە گەرووی هورمز بکرێتەوە و ئاسایشی دەریاوانی لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکرێت.
تاهیر ئەندارابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "وڵاتەکەی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات." جەختیشی کردەوە، پێویستە ئاسایشی رێڕەوە دەریاییەکان بپارێزرێت و گەرووی هورمز لە زووترین کاتدا بە رووی کەشتیوانیدا بکرێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، دروستکردنی متمانە زەروریەتێکی هەنووکەییە بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی گفتوگۆ و نێوەندگیری بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان، هەروەها جەختی لە گرنگی پاراستنی گیانی ستافی ئەو کەشتیانە کردەوە کە بە نێو گەرووەکەدا تێدەپەڕن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەندارابی ئاشکرای کرد، پاکستان پێشوازی لە بڕیارەکەی ئێران دەکات بۆ رێگەدان بە تێپەڕبوونی 20 کەشتیی پاکستانی بە ناو گەرووی هورمزدا، ئەم هەنگاوەشی وەک ئاماژەیەکی پۆزەتیڤ بۆ دابینکردنی ئاسایشی دەریاوانی وەسف کرد.
سەبارەت بە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان، تاهیر ئەندارابی ئاماژەی بەوە دا، وڵاتەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ چین، دەستپێشخەرییەکی ئاشتییان لە پێنج خاڵ پێشکەش کردووە بۆ وەستاندنی گرژییەکانی ناوچەکە. گوتیشی: "چەندین خاڵی هاوبەش لە نێوان تێڕوانینەکانی ئێران و ئەمریکا هەن کە دەکرێت ببنە بنەما بۆ گەیشتن بە رێککەوتن."
جێی ئاماژەیە، دەستپێشخەرییە هاوبەشەکەی چین و پاکستان داوای وەستاندنی دەستبەجێی کردەوە دوژمنکارانەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی دەکات. هەروەها جەخت لەسەر پاراستنی سەروەریی وڵاتان، رێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان، گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و پاراستنی ژێرخانی مەدەنی دەکاتەوە، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەری دیپلۆماسییانەی قەیرانەکان.