فاینانشاڵ تایمز: وڵاتانی کەنداو بەدوای جێگرەوەیەک بۆ گەرووی هورمزدا دەگەڕێن

رۆژنامەی "فاینانشال تایمز" لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، زیادبوونی هەڕەشەکانی ئێران و مەترسی کۆنتڕۆڵکردنی درێژخایەنی گەرووی هورمز، وڵاتانی کەنداوی ناچار کردووە جارێکی دیکە بە پلانە کۆن و تێچووبەرزەکانیاندا بچنەوە بۆ دروستکردنی هێڵی بۆری جێگرەوە، بە ئامانجی دەربازبوون لەو رێڕەوە ئاوییە و بەردەوامبوون لە هەناردەکردنی نەوت و غاز.

پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە،  ململانێکانی ئێستا جارێکی دیکە گرنگی ستراتیژی هێڵی بۆری "قۆژهەڵات-قۆژئاوا"ی سعوودیەیان دەرخستەوە کە درێژییەکەی 1200 کیلۆمەترەو ئەم هێڵە کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا و لە کاتی "جەنگی تانکەرەکان" لە نێوان عێراق و ئێران دروستکرا، ئێستا رۆژانە نزیکەی 7 ملیۆن بەرمیل نەوت دەگەیەنێتە بەندەری "یەتبوع" لەسەر دەریای سوور، بەمەش بە تەواوی لە گەرووی هورمز دوور دەکەوێتەوە.

ئەمین ناسر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی، رایگەیاندووە، ئەم هێڵە لە ئێستادا رێڕەوی سەرەکییە کە پشتی پێ دەبەستین، هەروەها سعوودیە خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ زیادکردنی توانای هەناردەکردن لە رێگەی ئەم بۆریانەوە بۆ ئەوەی چیتر پێویستی بە تێپەڕین بەو ناوچانەدا نەبێت کە لە ژێر هەژموونی ئێراندان.

مەیسۆن کـەفـافی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئەتڵەسی، بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، "کەشوهەوای گشتی لە کەنداو خەریکە دەگۆڕێت، گفتوگۆکان لە تیۆرییەوە دەبن بە راستەقینە و کارپێکردن، ئاماژەی بەوەش کردووە، باشترین بژاردە تەنها یەک هێڵی جێگرەوە نییە، بەڵکو دروستکردنی تۆڕێکی بەیەکەوەبەستراوی گواستنەوەیە لە ناوچەکەدا.

سەرەڕای گرنگی پڕۆژەکان، بەڵام تێچووەکەیان زۆرە، بەپێی خەمڵاندنەکان، دروستکردنی هێڵێکی هاوشێوەی هێڵی رۆژهەڵات-رۆژئاوا لە ئێستادا پێویستی بە لانیکەم 5 ملیار دۆلار هەیە، پڕۆژە نێودەوڵەتییە ئاڵۆزەکانیش، وەک راکێشانی بۆری لە عێراقەوە بۆ ئوردن یان تورکیا، تێچووەکەیان لە نێوان 15 بۆ 20 ملیار دۆلار دەبێت.

جگە لە تێچوو، مەترسییە ئەمنییەکان وەک پاشماوەی جەنگ لە عێراق، چالاکییەکانی داعش و هێرشی درۆنی (وەک ئەوەی لە بەندەری سەڵاڵەی عومان روویدا) بەربەستی گەورەن لەبەردەم ئەم پلانانەدا.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەیەکی کورتدا، وڵاتانی کەنداو کار لەسەر فراوانکردنی هێڵە هەبووەکانی ئێستا دەکەن، وەک هێڵی ئەبوزەبی بۆ بەندەری فۆجەیرە و پەرەپێدانی بەندەری نوێ لەسەر دەریای سوور، بە تایبەت لە چوارچێوەی پڕۆژەی "نیۆم"دا.

لە لایەکی دیکەوە، بەریتانیا سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی 35 وڵاتی دەکات بۆ هەوڵدان بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی، بەڵام وڵاتانی کەنداو گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە قەیرانی وزە پێویستی بە بیرکردنەوەی نوێ و جێگرەوەی هەمیشەیی هەیە.