عەبدولمەلیک حووسی: واشنتن دانی بە زیانە قورسە سەربازییەکانیدا ناوە لە بەرانبەر ئێراندا
رێبەری حووسییەکانی یەمەن، جەختی لەوە کردەوە، کە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران بوونەتە هۆی لەناوبردنی ژێرخانە سەربازییەکانی دوژمن و تێکدانی هاوکێشەکانیان لە ناوچەکەدا.
پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، عەبدولمەلیک حووسی، رێبەری حووسییەکانی یەمەن، لە گوتاری هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند: کە ئێران بە شەپۆلە مووشەکی و درۆنییەکانی، بنکە گرنگەکانی ئەمریکا و ناوەندە هەستیارەکانی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج.
رێبەری حووسییەکان ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەدای کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر هەڕەشەکان "بێوێنە" بووە و توانیویەتی هاوکێشەکانی دوژمن سەرەوژێر بکات.
بە گوتەی حوسی، لە ئەنجامی هێرشکانی ئێران، ژێرخانی سەربازی و پیشەسازیی ئیسرائیل و ئەمریکا "بە شێوەیەکی بەرفراوان" زیانیان پێگەیشتووە.
هاوکات گوتیشی: "ئەمریکا دانی بە زیانە قورسەکانیدا ناوە و هێرشەکان کوژراو و برینداری زۆری لە ریزەکانی سەربازانی ئەمریکی و ئیسرائیلیدا لێکەوتووەتەوە."
رێبەری حووسییەکان، هەروەها ئاماژەی بە یەکگرتوویی ناوخۆیی ئێران کرد و گوتی: کە پشتگیریی جەماوەری بۆ سوپا و سوپای پاسداران، نیشانەی سەقامگیریی نیشتمانیی ئەو وڵاتەیە.
28ـی ئاداری 2026، حووسییەکانی یەمەن، بە فەرمی بەشداریکردنیان لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران راگەیاند، هەر ئەو کاتە یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی بۆ سەر ئامانجە هەستیارەکانی سەربازیی ئیسرائیل دەست پێکرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.