ترەمپ: بەم زووانە گەرووی هورمز دەکەینەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا دەربارەی دۆخی ناوچەکە و کێشەی وزە، رایگەیاند، وڵاتەکەی لەبەردەم هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە نەوتییەکان.
هەینی 3ـی نیسانی 2026، ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیی تروس بڵاوی کردەوە، گەشبینی خۆی نیشاندا بەوەی کە تەنیا بە چەند کاتێکی کەم هێزەکانی ئەمریکا دەتوانن زۆر بە ئاسانی گەرووی هورمز بکەنەوە، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە و ئێستا بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە داخراوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پلانەکەیان تەنیا کردنەوەی گەرووەکە نییە، بەڵکوو هەنگاوی دواتر دەستبەسەرداگرتنی نەوتەکە و پێکەوەنانی سامانێکی گەورەیە". ترەمپ دەشڵێت: "ئایا ئەمە نابێتە 'کانییەکی زێڕ' بۆ هەموو جیهان؟"
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە جیهان بەدەست بەرزبوونەوەی نرخی وزەوە دەناڵێنێت. شارەزایان پێیان وایە ئەم پەیامەی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەیەکی روونە بۆ پەیڕەوکردنی ستراتیژییەکی هێرشبەرانە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی رێڕەوەکانی وزە و بەکارهێنانی نەوتی ناوچەکە وەک سەرچاوەیەک بۆ بووژاندنەوەی ئابووری جیهانی لەژێر سایەی هەژموونی ئەمریکادا.