لیرەی تورکی نزمترین ئاستی بەرانبەر دۆلار تۆمار کرد

لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکە و بەردەوامی جەنگ، لیرەی تورکی رۆژی هەینی 3ی نیسانی 2026، نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی لە بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی تۆمار کرد. بەپێی داتاکانی بازاڕی جیهانیی دراو، بەهای یەک لیرەی تورکی بۆ ئاستی 0.02243 دۆلار دابەزیوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتووەتە نزیکەی 44.6 لیرە.

ئەم داڕمانە نوێیەی دراوی تورکی لە کاتێکدایە کە نەخشەی گۆڕانکارییەکانی بەهای لیرە لە ساڵی 2011ـوە تاوەکوو 2026، ئاماژە بە هێڵێکی نزمی بەردەوام دەکات، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا و بەهۆی جەنگی ئێران و ناسەقامگیری رێڕەوە ئاوییەکانی وەک گەرووی هورمز، خێرایی دابەزینەکە گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک.

شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە تێچووی جەنگ لە ناوچەکە و بەرزبوونەوەی نرخی وزە و کەلوپەل، بڕستی لە ئابووری تورکیا بڕیوە. دابەزینی بەهای لیرە بەم شێوەیە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی رێژەی هەڵئاوسان و گرانبوونی بژێوی ژیان، کە ئەمەش فشارێکی زۆری خستووەتە سەر حکوومەتەکەی ئەردۆغان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا.

ئەم داڕمانە تەنیا کەرتی دارایی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو کاریگەرییەکی راستەوخۆی کردووەتە سەر کەرتی پیشەسازی و هەناردەکردن، چونکە تێچووی هاوردەکردنی کەرەستەی خاو بە دۆلار بۆ کارگەکان گەیشتووەتە ئاستێکی خەیاڵی، ئەمەش مەترسی داخرانی بەشێکی زۆر لە ناوەندە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتەی لێ دەکرێت.