میدیاکانی ئەمریکا: یەکێک لە فڕۆکەوانەکان لەنێو خاکی ئێران رزگارکرا
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا پشتڕاستیان کردەوە، کە هێزە تایبەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان توانیویانە یەکێک لە ئەندامانی تیمی فڕۆکە جەنگییە تێکشکاوەکەی جۆری F-15E لە ناو قووڵایی خاکی ئێراندا بە زیندوویی ڕزگار بکەن. ئەم ئۆپراسیۆنە دەگمەنە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەوانی دووەم گەیشتووەتە لووتکە.
هەینی 3ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی CBS News، فڕۆکە جەنگییەکە کە دوو سەرنشینی هەڵگرتبوو، لەلایەن هێزە بەرگرییەکانی ئێرانەوە خراوەتە خوارەوە، بەڵام هەردوو فڕۆکەوانەکە توانیویانە بە سەلامەتی لە فڕۆکەکە باز بدەن و بێنە خوارەوە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا توانیویانە شوێنی یەکێکیان دیاری بکەن و لەناو خاکی ئێراندا بە زیندوویی ڕزگاری بکەن، بەڵام گەڕان بەدوای ئەوەی تریاندا هێشتا بەردەوامە.
هەروەها ماڵپەڕی "Axios" لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە گواستییەوە، کە بەهۆی هەستیاریی ئۆپراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردنەکە، ئیسرائیل بڕیاریداوە چەند هێرشێکی ئاسمانیی پلانبۆداڕێژراو بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان هەڵبوەشێنێتەوە، بۆ ئەوەی هیچ ئاستەنگێک بۆ تیمە ڕزگارکەرەکان دروست نەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە حکوومەت داوای لە هاووڵاتییانی مەدەنی ئەو ناوچانە کردووە بەشداریی گەڕانەکە بکەن و پاداشتێکی گەورە بۆ هەر کەسێک تەرخانکراوە کە بتوانێت فڕۆکەوانە ئەمریکییەکان بدۆزێتەوە و ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانیان بکات.
کارۆڵاین لێڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە وردی لە پێشهاتەکان و وردەکاریی ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنەکە ئاگادار کراوەتەوە.