سەرمایەدارانی ئێرانی بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکان خەڵاتی ماددی دەدەن

شوێنی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی F-15 لە ئێران (وێنە: تەسنیم)
شوێنی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی F-15 لە ئێران (وێنە: تەسنیم)

میدیایەکی ئێران بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیایەک خەڵاتێکی 15 ملیار تومەنی بۆ دۆزینەوەی دوو فڕکەوانە ئەمریکییەکە راگەیاندووە و بازرگانێکی خەڵاتێکی دیکەی داناوە بۆ هەر کەسێک ئەو دوو فڕۆکەوانەی بە زیندووی رادەست بکات.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیایەکی دروستکردنی بۆری لە پارێزگای خوزستان، خەڵاتێکی ماددی بە بڕی 15 ملیار تومان، کە دەکاتە 100 هەزار دۆلار ی ئەمریکی راگەیاندووە بۆ هەر کەسێک ئەو دوو فڕۆکەوانە بدۆزێتەوە و رادەستی بکات.

هەروەها بازرگانێکی شاری گناوەی سنووری بوشەهر رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو دوو فڕۆکەوانە ئەمریکییەکی کە فڕۆکەکەیان لە جۆری ئێف 15 بووە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئێرانەوە خراوەتە خوارەوە، بە زیندووی رادەستی بکەن، یەک ملیار تومەنی بە کاش دەکاتە خەڵات، ئەمە جیا لەوەی خەڵاتی دیکەی بۆ بەرپرسانیش دەبێت.

کێوماڵی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە خاکی ئێران بۆ دۆزینەوە دوو فڕۆکەوان

ئەمڕۆ هەینی 3ی نیسانی 2026، فڕۆکەیەکی پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆری F-15E لە کاتی هێرشی سەر ئامانجەکانی لە سنووری پارێزگای لورستان پێکراو کەوتەخوارەوە، هەرچەندە هێزی ئاسمانی ئەمریکی بە هێلیکۆپتەر و پشتیوانی فڕۆکەی جەنگی بە نزمی بە ئاسمانی ناوچەکە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵیان ئەنجامدا بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنی هەردوو فڕۆکەوانەکە، هەرچەندە تاوەکوو  ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بەرگریی ئەمریکا و فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەو وڵاتە، کە بە سێنتکۆم ناسراوە، هیچ لێدوان و راگەیەندراوێکیان بڵاو نەکردووەتەوە،  بەڵام کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، کە یەکێک لە دوو فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە لە خاکی ئێران بە زیندوویی و سەرکەوتوویی رزگارکراوە.