وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران ناوبژیوانیی پاکستان رەت دەکاتەوە
هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران تووشی کۆسپێکی گەورە بوون. رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشکرای کرد کە دەستپێشخەرییەکەی پاکستان بۆ ناوبژیوانی لە نێوان هەر دوو وڵات پەکیکەوتووە، ئەمەش دوای ئەوەی تاران بە فەرمی ئەنجامدانی هەر جۆرە گفتوگۆیەکی لە ئیسلام ئاباد رەت کردەوە.
هەینی 3ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی راپۆرتەکە، لایەنی ئێرانی نەک هەر شوێنی گفتوگۆکانی رەت کردووەتەوە، بەڵکوو کۆمەڵێک داواکاریی سەرەکیی ئیدارەی ئەمریکاشی بۆ وەستاندنی جەنگ رەت کردووەتەوە. ئەم هەڵوێستەی تاران ئاماژەیە بۆ قووڵی ناکۆکییەکان و نەبوونی متمانە بەو دەستپێشخەرییانەی کە لەلایەن هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکەوە دەخرێنە ڕوو.
لەگەڵ تێپەڕبوونی پرۆسەی ناوبژیوانیی پاکستان بۆ ناو بنبەست، ئێستا تورکیا و میسر هاتوونەتە سەر خەت و هەوڵ دەدەن گیانێکی نوێ بە پرۆسەی دانوستانەکاندا بکەنەوە. ئەم دوو وڵاتە لە هەوڵی دۆزینەوەی شوێنێکی نوێدان بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و پێشنیازی دەوحە یان ئیستانبوڵیان کردووە وەک جێگرەوەیەک بۆ پایتەختی پاکستان.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەنقەرە و قاهیرە خەریکی داڕشتنی چەند بیرۆکەیەکی نوێ و نەرمترن بۆ ئەوەی بتوانن ئێران و ئەمریکا بگەڕێننەوە سەر مێزی دانوستان.
ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە مەترسییەکانی فراوانبوونی جەنگەکە و تێچووە مرۆیی و ئابوورییەکانی گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشارێکی زۆر دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست پێش ئەوەی دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەر بچێت.