وۆڵ ستریت جۆرناڵ: قەتەر رۆڵی نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و ئێران رەت کردووەتەوە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کرد کە قەتەر بەرەنگاری ئەو گوشارانە دەبێتەوە کە لەلایەن واشنتن و وڵاتانی ناوچەکەوە دەکرێن بۆ ئەوەی رۆڵی ناوبژیوانی سەرەکی لەم ململانێیەدا بگێڕێت، ئەمەش ئاسۆکانی گەیشتن بە ئاگربەستی تەمومژاوی کردووە.

هەینی 3ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، کە پشتبەستی بە لێدوانی بەرپرسانی ئاگادار و نێوەندگیران بەستووە، قەتەر هەفتەی رابردوو بە فەرمی بەرپرسانی ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە کە هیچ ئارەزوویەکی نییە، ببێتە ناوبژیوانی سەرەکی یان رێبەرایەتیی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست بکات.

ئەم هەڵوێستەی دەوحە وەک گورزێکی بەهێز بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان تەماشا دەکرێت، چونکە قەتەر هەمیشە وەک پردێکی پەیوەندیی سەرەکی لە نێوان تاران و واشنتندا بینراوە.

هەر ئەمڕۆ رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشکرای کرد کە دەستپێشخەرییەکەی پاکستان بۆ ناوبژیوانی لە نێوان هەر دوو وڵات پەکیکەوتووە، ئەمەش دوای ئەوەی تاران بە فەرمی ئەنجامدانی هەر جۆرە گفتوگۆیەکی لە ئیسلام ئاباد رەت کردەوە. ئاماژەشی دا لایەنی ئێرانی نەک هەر شوێنی گفتوگۆکانی رەت کردووەتەوە، بەڵکوو کۆمەڵێک داواکاریی سەرەکیی ئیدارەی ئەمریکاشی بۆ وەستاندنی جەنگ رەت کردووەتەوە.

لەگەڵ تێپەڕبوونی پرۆسەی ناوبژیوانیی پاکستان بۆ ناو بنبەست، ئێستا تورکیا و میسر هاتوونەتە سەر خەت و هەوڵ دەدەن گیانێکی نوێ بە پرۆسەی دانوستانەکاندا بکەنەوە. ئەم دوو وڵاتە لە هەوڵی دۆزینەوەی شوێنێکی نوێدان بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و پێشنیازی دەوحە یان ئیستانبوڵیان کردووە وەک جێگرەوەیەک بۆ پایتەختی پاکستان.

سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەنقەرە و قاهیرە خەریکی داڕشتنی چەند بیرۆکەیەکی نوێ و نەرمترن بۆ ئەوەی بتوانن ئێران و ئەمریکا بگەڕێننەوە سەر مێزی دانوستان.