نیویۆرک تایمز: هێرشە مووشەکییەکانی تاران 90% کەمیان کردووە

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڵاویکردەوە، لە ماوەی پێنج هەفتەی رابردووی جەنگدا، 11 هەزار ئامانجی سەربازی لە ناو خاکی ئێران پێکراون، کۆشکی سپی جەختی لەوە کردووەتەوە، بەهۆی ئەم گورزانەوە، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بە رێژەی 90% پاشەکشەیان کردووە.

شەممە 4ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی راپۆرتەکان، لە ئێستادا حکوومەتی ئێران تووشی جۆرێک لە لێکترازان و ناکۆکی ناوخۆیی بووە، ئەمەش بووەتە رێگر لەبەردەم توانای تاران بۆ ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی بەرفراوان و وەڵامدانەوەی سەربازی.

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە، بەرپرسانی ئیسرائیل پێشبینی دەکەن جەنگەکە بۆ زیاتر لە دوو هەفتەی دیکە بەردەوام بێت، هەروەها ئاشکرای کردووە، ئەو ئامانجانەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەستنیشانکراون، پێویستیان بە رەزامەندی کۆتایی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەیە بۆ لێدان.

رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، لە چوار هەفتەی یەکەمی هێرشەکاندا، 4 بنکەی سەرەکی دروستکردنی مووشەکی بالیستی و 29 پێگەی هەڵدانی مووشەک لە ئێران خاپوور کراون یان زیانی گەورەیان پێگەیشتووە، ئەمەش وەک گورزێکی کوشندە بۆ ستراتیژی سەربازیی ئێران هەژمار دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم" بڵاویکردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە بنبەست، واشنتن چەند مەرجێکی قورسی داناوە کە گرنگترینیان بریتین لە:
1-  کردنەوەی تەواوەتی و بێمەرجی گەرووی هورمز.
2-  رادەستکردنی تەواوی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
لە بەرانبەردا، تاران داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و وەرگرتنی گەرەنتی نێودەوڵەتی دەکات بۆ دووبارە نەبوونەوەی هێرشەکان.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ئەمریکا و ئیسرائیل پلانیان داناوە بۆ ماوەی 10 رۆژی دیکە هێرشەکان درێژ بکەنەوە، بە جۆرێک کە سەرنجی سەرەکی بخرێتە سەر ژێرخانی سوپای پاسداران و ئەو دامەزراوە مەدەنییانەی کە ئێران بۆ مەبەستی سەربازی و دابینکردنی دارایی بەکاریان دەهێنێت.