هاری کەین ئەستەمە بەرامبەر ریاڵ مەدرید یاری بکات

هاری کەین
هاری کەین

هاری کەین هێرشبەری هەڵبژاردەی ئینگلاند و یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، بەهۆی ئەو پێکانەی بەرۆکی گرتووە بەشداری یاری ئەمڕۆی یانەکەی بەرامبەر فرایبورگ، لە گەڕی 28ـی خولی ئەڵمانیا ناکات و چارەنوسی بۆ یارییەکەی سێ شەممەش یەکلایی نەبووەتەوە.

هاری کەین دوای پەیوەندی کردن بە‌ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە پاژنەی قاچی تووشی پێکان بوو، هەربۆیە نەیتوانی بەشداری دوایین یاری دۆستانەی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر ژاپۆن بکات، کە لەو یارییە سێ شێرەکان بە ئەنجامی 0-1 تووشی دۆڕان بوون.

ڤینسێنت کۆمپانی راهێنەری یانەی بایرن میونشن لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاری یانەکەی بەرامبەر فرایبورگ لە گەڕی 28ـی خولی ئەڵمانیا، بە گەشبینیەوە باسی لە پێکانەکەی هاری کەین کرد و گووتی '' کەین بە دڵنیاییەوە بەشداری ئەم یارییە ناکات، بەڵام گەشبینم بۆ یاری رۆژی سێ شەممە بەرامبەر ریاڵ مەدرید لە پێکانەکەی رزگار دەبێت و بەشداری ئەو یارییە دەکات ''.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی نزیک لە یانە باڤارییەکە باس لەوە دەکەن، پێکانەکەی گۆڵکاری ئەو یانەیە زیاتر لەوەیە کە چاوەڕێ دەکرا، سەرەتا پێشبینی دەکرا پێکانەکەی ئەوەندە قورس نەبێت، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ یانەکەی و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشكی، دەرکەوتووە ئەو یاریزانە پێویستی بە پشووی زیاتر هەیە.