هۆکاری شکستەکەی ئیتاڵیا بەرامبەر بۆسنە ئاشکرا بوو!

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بۆ جاری سێیەم لە مێژووی خۆیدا، سەرکەوتوو نەبوو لە بەدەستهێنانی بلیتی بەشداری لە مۆندیال، ئەویش دوای ئەوەی لە کۆتا قۆناغی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەوروپا، بەرامبەر هەڵبژاردەی بۆسنە تووشی دۆڕان بوو.

چەند رۆژێک دوای شکستە گەورە و مێژووییەکەی ئیتاڵیا بەرامبەر بۆسنە، رۆژنامەی la Repubblica ئیتاڵی بابەتێکی هەستیاری بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، یاریزانەکانی ئازۆری پێش یارییەکەی بەرامبەر بۆسنە، پرسیاریان لەبارەی پاداشتی سەرکەوتن بۆ مۆندیالی 2026 کردووە، ئەمەش وایکردووە گێنارۆ گاتوزۆ راهێنەری هەڵبژاردەکە توڕە بێت و داوا لە یاریزانەکان بکات، سەرەتا سەرکەوتن و دواتر پاداشت.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە پێش یارییەکەی ئیتاڵیا بەرامبەر بۆسنە لە کۆتا قۆناغی پاڵاوتنەکانی مۆندیال، دەنگۆیەک بڵاوبووەوە گوایە لە ئەگەری سەرکەوتنیان و بەدەستهێنانی بلیتی بەشداری کردن لە مۆندیالی 2026، هەر یاریزانێک بە 300 هەزار یۆرۆ پاداشت دەکرێت.

دوای بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە لەلایەن رۆژنامەی la Repubblica، بەشێک زۆر لە هاندەرانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا داوای سزای توند بەسەر یاریزانەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان دەکەن و تاوەکو ئێستاش، هیچ کام لە ستافی راهێنەران و یاریزانەکانی ئازۆری، کاردانەوەیان بەرامبەر ئەو هەواڵە نەبووە.