کوەیت: هێرشەکانی ئێران وێستگەکانی کارەبا و ئاویان کردە ئامانج

دەسەڵاتدارانی کوەیت، رایانگەیاند، چەندین دامەزراوەی گرنگی وڵاتەکە لەوانە وێستگەکانی کارەبا، ئاو و کەرتی نەوت، رووبەڕووی هێرشی درۆنی ئێران بوونەتەوە.

یەکشەممە 5ـی نیسانی 2026، وەزارەتی کارەبا و ئاوی کوەیت رایگەیاند، دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاو بەهۆی هێرشی درۆنەوە زیانی ماددی گەورەیان بەرکەوتووە و دوو یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە تەواوی لەکارکەوتوون، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هیچ زیانێکی گیانی لەم هێرشانەدا نەبووە.

وەزارەتی دارایی کوەیت ئاشکرای کرد، شەوی شەممە، باڵەخانەی کۆمەڵگەی وەزارەتەکەیان لە شاری کوەیت بە درۆن کراوەتە ئامانج و زیانی ماددی پێگەیشتووە، بەهۆی ئەم دۆخەوە، بڕیاردراوە رۆژی یەکشەممە (5ـی نیسانی 2026) کارمەندانی ئەو وەزارەتە بە شێوەی ئۆنلاین کارەکانیان ئەنجام بدەن و پێشوازی لە هاووڵاتیان نەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، دامەزراوەی نەوتی کوەیت رایگەیاند، کۆمەڵگەی کەرتی نەوت لە ناوچەی (شویەخ)، کە وەزارەتی نەوتیشی لێیە، هێرشی کراوەتە سەر و بەهۆیەوە ئاگر لە باڵەخانەکە کەوتووەتەوە، بەڵام تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیویانە کۆنتڕۆڵی بکەن.

سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کوەیت جەختی کردەوە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە لە ئامادەباشیدایە و خەریکی بەرپەرچدانەوەی کۆمەڵێک هێرشی مووشەکی و درۆنییە کە ئاسمانی وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج.

ئەم هێرشانەی ئێران بۆ سەر کوەیت لە کاتێکدایە، ناوچەکە لە گرژییەکی سەربازی تونددایە و کوەیت هێرشەکانی بە دەستدرێژییەکی تاوانکارانە وەسف کردووە.