ئەبوزەبی.. بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە ئاگر لە کارگەیەکی پێترۆکیمیایی کەوتەوە

کارگەی 'بروج' بۆ پێترۆکیمیایی
کارگەی 'بروج' بۆ پێترۆکیمیایی

نووسینگەی راگەیاندنی ئەبوزەبی رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات هێرشێکی تێکشکاندووە و بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی هێرشەکە، ئاگر لە کارگەیەکی گەورەی پێترۆکیمیایی لە پایتەختی ئەو وڵاتە کەوتووەتەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی ئەبوزەبی لە هەژماری فەرمی خۆی لە "X" بڵاویکردەوە: "تیمە پەیوەندیدارەکان لە ئەبوزەبی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی چەند ئاگرکەوتنەوەیەک بوون کە لە کارگەی 'بروج' بۆ پێترۆکیمیایی دروست بوون، ئەمەش دوای ئەوەی پاشماوەی تەنێکی فڕیو کەوتووەتە ناو کارگەکە."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە ئاگرەکە لە ئەنجامی تێکشاندنی هێرشێکی ئاسمانی بووە لەلایەن سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەوە، بەڵام جۆری ئەو تەنە فڕیوەی دیاری نەکردووە کە ئایا مووشەک بووە یان درۆن.

نووسینگەی راگەیاندنی ئەبوزەبی راشیگەیاند: "دەستبەجێ کارکردن لە کارگەکە راگیراوە تا ئەو کاتەی هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان دەکرێت، خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا هیچ برینداربوونێک یان زیانی گیانی تۆمار نەکراوە."

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، بەڵام بەرپرسانی ئەبوزەبی جەختیان کردووەتەوە کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردترن لەبارەی قەبارەی زیانە مادییەکان.