سوید.. هونەرمەندێکی کورد بەشداری لە پێشانگەیەکی شێوەکاری هاوبەش کرد
کوردۆ قاشانی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لەگەڵ کۆمەڵێک شێوەکاری سویدی، بەشداری لە پێشانگەیەکی شێوەکاری لەشاری سکۆڤدە لە وڵاتی سوید دەکات.
یەکشەممە، 5ی نیسانی 2026، کوردۆ قاشانی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی گوت، "بەشداریکردنی من لەو پێشانگەیەدا، هەنگاوێکە بۆ ناساندنی کولتوور و دروستکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ساڵانە لە سوید ئەو جۆرە پێشانگەیانە دەکرێتەوە، من وەکو تاکە هونەرمەندی کورد بەشداری لەم پێشانگەیانە دەکەم و بە تابلۆکانم کولتوور و رەسەنایەتی میللەتەکەم بە گەلی سویدی و بیانی دەناسێنم."
کوردۆ قاشانی گوتیشی، "لەم چالاکییە هونەرییەدا، ژمارەیەک لە تابلۆ و کارە هونەرییە جیاوازەکان پێشکەش کران کە تێیدا تیشک خرایە سەر بابەتە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکان، هەروەها کاریگەرییەکانی ژیان لەسەر هونەری جیهانیدا، هەروەها کارەکان بە شێوەیەکی نوێ و هاوچەرخ پێشکەش کران کە سەرنجی بینەرانی سویدی و بیانیان راکێشا.
ئەو هونەرمەندە باس لە ئامانجی بەشداریکردنی لەم پێشانگەیە دەکات و دەڵێت، "ئامانجی سەرەکی من لەم جۆرە چالاکیانەدا، ناساندنی هونەر و ناسنامەی کولتووری کوردییە بۆ کۆمەڵگە جیهانییەکان، و دروستکردنی پردێکی پەیوەندی لە نێوان هونەرمەندانی کورد و بیانیدا، هەروەها سوید وەک وڵاتێکی کراوە کە پشتیوانی لە کولتوورە جیاوازەکان دەکات، دەرفەتێکی باشە بۆ پێشکەشکردنی ئەم جۆرە چالاکیانە."
کوردۆ قاشانی ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم چالاکییە بووە هۆی ناسین و نزیکبوونەوەی زیاتر لە نێوان کولتوورەکاندا و بە تایبەتی کولتووری کوردی کە بە شێوەیەکی راستەقینە و جوان پێشکەش کراوە. هەندێک لە بینەرانیش پێیان وابوو کە ئەم جۆرە پێشانگەیانە دەکرێت بکرێتە بەشێکی بەردەوام لە ژیانی کولتووری شارەکەدا."
دەربارەی پلانی داهاتووی لە بەشداریکردنی لەو چالاکییانەدا، کوردۆ قاشانی گوتی، "پلان هەیە لە داهاتوودا چالاکییەکان زیاتر و گەورەتر بکرێن، کە تێیدا بە بەشداریکردنی هونەرمەندانی زیاتر لە وڵاتانی جیاواز بەهۆی بەهێزکردنی گفتوگۆیە نێودەوڵەتییەکان و پەرەپێدانی هونەری هاوچەرخ."
کوردۆ قاشانی، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، خەڵکی شاری سلێمانییە و دانیشتووی وڵاتی سویدە، چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشی لە دەرەوەی وڵات کردۆتەوە. یەکێکە لەو شێوەکارانەی کە لە تابلۆکانیدا گرنگی زۆر بە هونەری هاوچەرخ دەدات.