ئۆپێک پڵەس: هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی وزە هەڕەشەیەکی درێژخایەنە بۆ سەر بازاڕی جیهانی

لیژنەی چاودێریی وەزاری لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، هۆشدارییەکی توندی دا کە بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە لە جەنگی ئێراندا هەڕەشەیەکی درێژخایەنە بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهان. بەپێی رەشنووسێکی راگەیەندراوی لیژنەکە، تێکچوونی دامەزراوە نەوتی و پێترۆکیمیاییەکان لە ناوچەکەدا پێویستی بە تێچوویەکی خەیاڵی و کاتێکی زۆر هەیە بۆ چاککردنەوە.

لیژنەی چاودێریی وەزاریی هاوبەش لە هاوپەیمانیی "ئۆپێک پڵەس"، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی نیسانی 2026، نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە لە میانی جەنگی ئێستای ئێران. لیژنەکە هۆشداری دا کە ئەم هێرشانە نەک تەنیا زیانەکانی کاتین، بەڵکوو کاریگەریی درێژخایەنیان لەسەر دابینکردنی سووتەمەنی لە ئاستی جیهاندا دەبێت.

بەگوێرەی رەشنووسی ڕاگەیەندراوی لیژنەکە کە ئاژانسی رۆیتەرز دەستی کەوتووە، ئۆپێک پڵەس جەختی لەوە کردووەتەوە چاککردنەوە و گەڕانەوەی ئەو دامەزراوە نەوتی و پیشەسازییانەی زیانیان بەرکەوتووە بۆ باری ئاسایی، تێچوویەکی دارایی زۆر گەورەی دەوێت و کاتێکی درێژخایەنی دەخایەنێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە بازاڕەکانی جیهان بۆ ماوەیەکی زۆر بەدەست کەمیی دابینکردنی وزەوە دەناڵێنن.

لە بەشێکی دیکەی رەشنووسەکەدا هاتووە: "لیژنەکە جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگیی پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامبوونی رەوتی وزە بەبێ هیچ پەککەوتنێک." ئەم لێدوانە ئاماژەیەکی راستەوخۆیە بۆ ئەو ئاڵۆزییانەی کە لە گەرووی هورمز و دەریای عەممان دروست بوون، کە بڕبڕەی پشتی گواستنەوەی نەوتی جیهانن.

هەروەها هاوپەیمانیی "ئۆپێک پڵەس" کە عەرەبستانی سعوودی و ڕووسیا و وڵاتانی کەنداو ڕێبەرایەتی دەکەن، بڕیارێکی بەپەلەی بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەرکرد. بەپێی بڕیارەکە، لە مانگی ئایاری داهاتووەوە ڕۆژانە 206 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنان کەمدەکریتەوە

ئەم هۆشدارییەی ئۆپێک پڵەس لە کاتێکدایە کە ئاستی گرژییەکان لە ناوچەکە گەیشتووەتە لووتکە؛ لە لایەکەوە ئیسرائیل و ئەمریکا هەڕەشەی لێدانی ژێرخانی وزەی ئێران دەکەن، و لە لایەکی تریشەوە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشکردنە سەر وێستگە پێترۆکیمیاییەکانی وڵاتانی کەنداوی گرتووەتە ئەستۆ.