نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوتی خاو لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروستبوونی مەترسی لەسەر دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهان.

دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی داتاکانی بازاڕ، نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی (WTI) بە رێژەی 1.86% بەرزبووەوە و گەیشتە 113.62 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هاوکات نرخی نەوتی برێنت لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا بە رێژەی 1.16% زیادی کرد و گەیشتە 110.30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ئەم هەڵکشانەی نرخەکان هاوکاتە لەگەڵ توندبوونەوەی لێدوانەکان، کە تیایدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی توندی ئاراستەی ئێران کردەوە، ترەمپ رایگەیاند ئەگەر ئێران گەرووی هورمز نەکاتەوە، ئەوا رۆژی سێشەممە پردەکان و وێستگەکانی وزەی ئەو وڵاتە بۆردومان دەکات.

ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "رۆژی سێشەممە دەبێتە رۆژی وێستگەکانی وزە و رۆژی پردەکان لە ئێران، هێرشێکی وا دەبێت کە وێنەی نەبووە"، دواتر لە پەیامێکی دیکەدا ئاماژەی بە کاتی هێرشەکە کرد و نووسیویەتی: "سێشەممە، کاتژمێر 8:00ـی شەو بە کاتی کەناراوەکانی رۆژهەڵات هێرش دەکەنە سەر ئێران".

لەگەڵ ئەم هەڕەشانەشدا، ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد، "هەلێکی باش" هەیە بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممە بگەنە رێککەوتن لەگەڵ ئێران.

لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی رابردوو بۆ سەر ئێران، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتووەتە ناو جەنگێکی کراوە، ئەمەش ئابووری جیهانی تووشی شڵەژان کردووە، هاوکات داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کە رێڕەوی تێپەڕبوونی 20%ـی نەوت و غازی جیهانە بووەتە هۆکاری سەرەکیی بازدانی نرخەکانی وزە لە جیهاندا.