ناتانیاهۆ بە بۆنەی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانێکی ئەمریکا پیرۆزبایی لە ترەمپ دەکات
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە، بە مەبەستی پیرۆزباییکردن بەهۆی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت کە تیایدا فڕۆکەوانێکی ئەمریکی لە ناو خاکی ئێران رزگارکرا.
دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی پەیامێکی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ناوبراو دەستخۆشی لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کردووە بۆ ئەو بڕیارە بوێرانەیە و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی وردی ئەمریکی بۆ ڕزگارکردنی فڕۆکەوانێکی وڵاتەکەی کە لە ناو خاکی ئێراندا فڕۆکەکەی خرابووە خوارەوە.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کردووە، لە بەرانبەردا، سەرۆک ترەمپ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوکارییەکانی ئیسرائیل لە سەرکەوتنی ئەو ئەرکەدا دەربڕیوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "من زۆر شانازی دەکەم بەوەی کە هاوکارییەکانمان لە ناو مەیدانی جەنگ و دەرەوەی مەیدانی جەنگ گەیشتووەتە ئاستێکی فراوان، هەروەها شانازی دەکەم کە ئیسرائیل توانیویەتی بەشدار بێت لە رزگارکردنی ژیانی جەنگاوەرێکی بوێری ئەمریکی."
ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ لە بەرزترین ئاستدایە، بەتایبەت لە میانەی ئەو ئاڵۆزییە سەربازییانەی کە ئێستا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە.