ئەمریکا سیستەمێکی نوێی مووشەکی لە جەنگی ئێراندا بەکاردەهێنێت
سێنتکۆم: هێزی مارێنز سیستەمی هایمارس ئامادە دەکات
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان سیستەمی مووشەکهاوێژی "هایمارس" بۆ ئەنجامدانی هێرش ئامادە دەکەن.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ناسراو بە "سێنتکۆم"، لە راگەیەنراوێکدا چەند وێنەیەکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، هێزی مارێنزی ئەمریکی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" سیستەمی مووشەکهاوێژی "هایمارس" بۆ هێرشکردن ئامادە دەکەن.
سیستەمەکە یەکێکە لە بەهێزترین و کاریگەرترین سیستەمە مووشەکهاوێژەکانی ئەمریکا. بە دوورمەودایی و وردیی لە پێکانی ئامانجەکانی ناسراوە. ئەم سیستمە لە ساڵی 2005ـەوە بە فەرمی خراوەتە خزمەتی سوپای ئەمریکاوە.
کێشی سیستەمەکە 13 هەزار و 500 کیلۆگرامە، درێژییەکەی شەش مەتر و 90 سانتیمەترە، پانییەکەشی نزیکەی دوو مەتر و نیوە و بەرزییەکەی سێ مەترە. تیمی کارپێکردنی هایمارس لە سێ کەس پێکدێت، شۆفێرێک، فەرماندەیەک و یاریدەدەرێکی فەرماندە. تێچووی دروستکردنی هەر سیستمێکی لەم جۆرە نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلارە.
U.S. Marines prepare M142 High Mobility Artillery Rocket Systems (HIMARS) during Operation Epic Fury. pic.twitter.com/cSRTpEXn0x
— U.S. Central Command (@CENTCOM) April 6, 2026
هایمارس توانای هاویشتنی سێ جۆر مووشەکی سەرەکیی هەیە. یەکێکیان مووشەکی تاکتیکیی "ئاتاکمس"ـە، مەوداکەی لەنێوان 70 بۆ 90 کیلۆمەتردایە. جۆری دووەم مووشەکی "پی ئاڕ ئێس ئێم"ـە بۆ پێکانی ئامانجی ورد، مەوداکەی دەگاتە نزیکەی 300 کیلۆمەتر. هەروەها دەتوانێت مووشەکی "جی ئێم ئێڵ ئاڕ ئێس" بهاوێژێت، مەودای ئەو جۆرەیان زیاتر لە 500 کیلۆمەتر دەبڕێت.
ئەم سیستەمە لە ساڵی 2005ـەوە لە چەندین جەنگی گەورەدا بەکارهێنراوە، لەوانە جەنگی ئەفغانستان، شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا، هەروەها جەنگی ئۆکرانیا.
پێشتریش لەکاتی دروستبوونی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، سوپای پاسداران رایگەیاندبوو، ئەمریکا لە ئیماراتەوە بە سیستمی هایمارس هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانیان لە دوورگەی خارگ.