ئیکۆ عێراق: خەرجییەکانی وەزارەتی نەوت بۆ ساڵی 2025 بەشی کڕینی 80 کەشتی نەوتهەڵگر دەکات

روانگەی ئیکۆ عێراق ئاشکرای دەکات کە خەرجی وەبەرهێنانی تەنیا یەک ساڵی وەزارەتی نەوتی عێراق، یەکسانە بە نرخی کڕینی 80 کەشتی نەوتهەڵگر. ئەمەش پرسیاری گەورە لەسەر ئەولەویەتەکانی خەرجکردنی بودجە لەم کەرتە گرنگەدا دروست دەکات، لە کاتێکدا وڵات پێویستی بە چاککردنی کەرتەکانی کارەبا، ئاو و تەندروستی هەیە.

روانگەی ئیکۆ عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، وەزارەتی نەوت یەکێکە لەو وەزارەتانەی کە لە بە درێژایی ساڵانی رابردوو زۆرترین بودجەی وەبەرهێنانی بۆ تەرخان کراوە. بەگوێرەی ئامارەکان، خەرجی وەبەرهێنانی ئەم وەزارەتە بۆ ساڵی 2025، گەیشتووەتە زیاتر لە 12 ترلیۆن و 873 ملیار دینار، کە دەکاتە نزیکەی 9.9 ملیار دۆلار.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، عێراق دەیتوانی بەم بڕە پارەیە نزیکەی 80 کەشتی نەوتهەڵگری جۆری (VLCC)ی زەبەلاح بکڕێت، کە نرخی هەر دانەیەکیان نزیکەی 110 ملیۆن دۆلارە. عێراق دەیتوانی ئەم کەشتیگەلە بۆ گواستنەوەی نەوتی خۆی و وڵاتانی دیکەش بەکاربهێنێت و داهاتێکی زۆری لێ دەستبکەوێت.

لە بەیاننامەکەدا روونکراوەتەوە کە تانکەرەکان چەندین جۆری جیاوازیان هەیە، وەک (ULCC)ی زۆر گەورە، (VLCC)ی زەبەلاح، (Suezmax)ی مامناوەند و چەند جۆرێکی دیکەی وەک (Aframax) و (Panamax).

مەرسەدی ئیکۆ ئاماژە بەوە دەدات کە ئەم قەبارە گەورەیەی خەرجییەکان، پرسیار لەسەر ئەولەویەتەکانی خەرجکردنی پارە دروست دەکات، بەتایبەت لە سایەی زیادبوونی قەیرانە ئابوورییەکان و پێویستی کەرتە بنەڕەتییەکانی وەک کارەبا، ئاو و تەندروستی. باس لەوەش کراوە کە وەبەرهێنان لە کەشتیگەلێکی نیشتمانی بۆ گواستنەوەی نەوت، دەتوانێت ئاسایشی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بپارێزێت و داهاتەکان زیاد بکات، بێ ئەوەی وڵات پشت بە کۆمپانیا بیانییەکان ببەستێت.