ئابووریناسێک: بۆردومانکردنی دەروازەی شەلامچە کاریگەریی لەسەر بازاڕی عێراق دەبێت

دوای بۆردومانکردنی دەروازی سنووری شەلامچە لە نێوان عێراق و ئێران و راگیرانی جمووجۆڵی بازرگانی تیایدا بۆ ماوەیەکی کاتی، پسپۆڕان هۆشداریی دەدەن، بۆردومانکردنی دەروازکان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕ دەبێت، چونکە هاووڵاتیانی عێراق بۆ زۆرینەی کەلوپەلەکان پشت بە ئێران دەبەستن.

پێدەچێت عێراق گەورەترین زیانمەندی جەنگی ئێران بێت، بە بەردەوامی جەنگەکە و یاخود تەنانەت وەستانیشی، نەبوونی پلانی ستراتیژی ئابووری بۆ گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ وڵاتەکەی بردووەتە کەناری مەترسی، ئەمە بەڕوونی دەرکەوت کاتێک دەروازی شەلامچە لەنێوان عێراق-ئێران بۆردومانکرا، چاودێران دەڵێن، گەر جەنگ بەردەوام بێت ئەوە کۆتا دەروازە نابێت بەڵکو رەنگە دەروازەکانی دیکەش بۆردومان بکرێن، ئەوەی لەم نێوانەدا زیان دەکات خەڵکی سادەی ناوبازاڕن کە بەزۆری پشتیان بە بەرهەمە ئێرانیەکان بەستووە.

عەباس جبووری، ئابووریناس بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆردومانکردنی دەروازە سنوورییەکان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت، لەبەر ئەوەی عێراق ساڵانە بە بەهای 13 ملیار دۆلار شتومەک لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، ماددەکان لەم دەروازە سنووریانەوە دێن، جا بۆیە گەر لێبدرێن ئەوە کاریگەریی تەواوی لەسەر بازاڕ دەبێت.

سەبارەت بە هۆکاری بە ئامانجگرتنی دەروازەکان، پسپۆڕانی ئەمنی دەڵێن؛ ئەوە پەیامێکی ئەمریکایە بۆ عێراق تا گرووپەچەکدارەکان دووربخاتەوە لە پشتیوانیکردنی ئێران لەو دەروازانەوە.

ئەمیر ساعدی، شارەزای ئەمنی رایگەیاند، ئەمریکا دەیەوێت پەیامێکی بەهێز بنێرێت بۆ هەموو لایەنەکانی گۆڕەپانی عێراقی تا چیتر پشتیوانی ئێران نەکەن، بەتایبەتی لەرووی سەربازییەوە، ئەمریکا ترسی ئەوەیە هەیە پەیوەندی سەربازی لەنێوان گرووپەچەکدارەکان و سوپای پاسدارانەوە هەبێت بۆ ئاڵوگۆڕی تەکنیکی مووشەک و ناردنی هاوکاری دارایی بۆ ئێران.

تەنانەت لەگەڵ دووبارە کردنەوەی دەروازەی شەلامچە، هێشتا ترس هەیە دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران بۆردومانبکریتەوە، گەر ئەمەش رووبدات بازاڕی عێراق دەکەوێتە دۆخێکەوە کە دەرئەنجامەکانی زۆر قورس دەبێت.