ترەمپ رەزامەندی لەسەر پێشنیازەکەی پاکستان دەرنەبڕیوە

لە کاتێکدا تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەم بۆ کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکەی دۆناڵد ترەمپ ماوە، کۆشکی سپی رایگەیاند تاوەکوو ئێستا رەزامەندی لەسەر پێشنیازی ئاگربەستی پاکستان نیشان نەداوە و ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" دژی ئێران بەردەوامە.

بەرپرسێکی باڵا لە کۆشکی سپی ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، بە کەناڵی سکای نیووز عەرەبی راگەیاند, دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تاوەکوو ئێستا رەزامەندی لەسەر پێشنیازەکەی پاکستان بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئێران دەرنەبڕیوە. ئەم لێدوانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سەرەڕای فشارە دیپلۆماسییەکان، واشنتن هێشتا بژاردەی سەربازی بە زاڵتر دەبینێت.

هاوکات بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، حکوومەتی پاکستان نەخشەڕێگەیەکی گشتگیری بە ناوی رێککەوتنی ئیسلام ئاباد بۆ ئێران و ئەمریکا ناردووە. پلانەکە لەسەر بنەمای دوو قۆناغ داڕێژراوە: قۆناغی یەکەم، راگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و کردنەوەی گەرووی هورمزە. قۆناغی دووەمیش، ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆیە لە ئیسلام ئاباد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لە ماوەی 15 بۆ 20 رۆژدا.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، تەواوی شەوی رابردوو لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بووە لەگەڵ جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، تاوەکوو بتوانن پێش تەواوبوونی دوا مۆڵەتەکەی ترەمپ بگەنە ئەنجام.

سەرەڕای ئەم هەوڵانە، تاران هەڵوێستێکی توندی نیشانداوە. بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک گەرووی هورمز لە بەرانبەر ئاگربەستێکی کاتیدا ناکاتەوە. ئێران دەشڵێت واشنتن تەنیا دەیەوێت کات بکوژێت و ئامادە نییە بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و گشتگیر. هەروەها تاران جەختی کردووەتەوە کە ژێر فشار و مۆڵەتی دیاریکراو بڕیار نادات.

راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە مەرجێکی قورسی بۆ ئێران تێدایە، ئەویش وازهێنانی یەکجارییە لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، لە بەرانبەردا ئەمریکا تەواوی سزاکان لادەبات و پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکات.

بەرپرسەکەی کۆشکی سپی دووپاتی کردەوە کە ئۆپراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" (Operation Epic Fury) دژی پێگە ستراتیژییەکانی ئێران بەردەوامە. چاوەڕوان دەکرێت درەنگانی ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ بە وردی دەربارەی داهاتووی جەنگەکە و هەڵوێستی کۆتایی ئەمریکا بەرامبەر پێشنیازەکان لێدوان بدات.

ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە جیهان بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی بڕیاری یەکلاکەرەوە دەکات، چونکە تەنیا کاتژمێرێکی کەم بۆ کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکەی ترەمپ ماوە بۆ وێرانکردنی وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران ئەگەر رێککەوتن ئەنجام نەدرێت.