لیندزی: دەبێت کۆنترۆڵی گەرووی هورمز لە ئێران بسەنرێتەوە
لیندزی گراهام، نەخشەڕێگایەکی توندی بۆ سەرکەوتنی ستراتیژی لە ئێران راگەیاند و جەختی کردەوە کە هەر رێککەوتنێک دەبێت کۆتایی بە کۆنترۆڵی تاران بەسەر گەرووی هورمزدا بهێنێت. هەروەها داوای داماڵینی تەواوەتی ئێران لە چەکی ئەتۆمی کرد؛ هۆشداریشی دا کە ئەگەر تاران ئەم مەرجانە رەت بکاتەوە، ترەمپ مافی وێرانکردنی تەواوی ژێرخانە هەستیارەکانی ئەو وڵاتەی هەیە.
دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان و یەکێک لە نزیکترین کەسایەتییەکان لە ناوەندی بڕیاری واشنتن، لە پەیامێکی نوێدا مەرجە ستراتیژییەکانی ئەمریکای بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران خستەڕوو. گراهام جەختی کردەوە کە هەر چارەسەرێکی دیپلۆماسی دەبێت ببێتە هۆی داماڵینی یەکجاریی ئێران لە توانای ئەتۆمی و بێبەشکردنی لە کۆنترۆڵی گەرووی هورمز.
گراهام لە پەیامەکەیدا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوە کرد، نابێت رێگە بدرێت ئێران بۆ مانەوەی خۆی گەرووی هورمز وەک ئامرازێک بۆ سەرانەوەرگرتن و هەڕەشە لە جیهان بەکاربهێنێت و گوتیشی: دەبێت ئەوە روون بێت کاتێک ئەم جەنگە کۆتایی دێت چ لە رێگەی دیپلۆماسی بێت یان سەربازی، نابێت چیتر کۆنترۆڵی گەرووی هورمز لە دەستی ئێراندا بێت.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، ئەم سیناتۆرە ئەمریکییە داوای هەڵوێستێکی زۆر توندی کرد و ڕایگەیاند کە نابێت تەنانەت یەک ئۆنس یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناو خاکی ئێراندا بمێنێتەوە. گراهام پێشنیازی کرد کە مۆدێلی لیبیا لە سەردەمی بوش جێبەجێ بکرێت، کە تێیدا ئەمریکا تەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەی هەڵوەشاندەوە و ماددە ئەتۆمییەکانی لەو وڵاتە دەرکرد. هۆشداریشی دا، ئێرانییەکان لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکاندا هەمیشە "فێڵباز" بوون.
لیندزی گراهام پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ دۆناڵد ترەمپ دووپات کردەوە و رایگەیاند کە ترەمپ مافی خۆیەتی پێداگری لەسەر ئامانجە سەربازی و ستراتیژییەکان بکات. گوتیشی: ئەگەر ئێران رەتی بکاتەوە، ترەمپ مافی خۆیەتی ژێرخانە هەستیارەکانی ئەو وڵاتە بتەقێنێتەوە بۆ ئەوەی رێگری بکات لە گەڕانەوەیان بۆ سەر شێوازە کۆنەکانیان.
گراهام گەشبینی خۆی نیشاندا کە بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە دەبێتە دەروازەیەک بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پێشتر لە رووی مەوداوە وێنا نەکرابێت. هەروەها وەک هاندانێک بۆ بەردەوامیی فشارەکان نووسیویەتی: "ئێمە زۆر نزیکین لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی ستراتیژی، با کارەکە تەواو بکەین."