نەبیهـ بڕی: حزبوڵڵا ئامادەیە لە باشووری رووباری لیتانی بکشێتەوە
نەبیهـ بڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان رایگەیاند، حزبوڵڵا ئامادەیە لە ناوچەکانی باشووری رووباری لیتانی بکشێتەوە، بەو مەرجەی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکان بچێتە دەرەوە و ئاگربەستێکی گشتگیر و بێ مەرج رابگەیەنرێت.
رۆژی هەینی 5ی حوزەیرانی 2026، نەبیهـ بڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و هاوپەیمانی نزیکی حزبوڵڵا، رۆژی هەینی رایگەیاند، ئەو گرووپە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ئامادەیە لە ناوچەکانی باشووری رووباری لیتانی بکشێتەوە، ئەگەر بێتو ئیسرائیل لەو شوێنانەی داگیری کردوون بکشێتەوە و ئاگربەستێکی گشتگیر بێتە ئاراوە.
بڕی کە لە هەمان کاتدا وەک نێوەندگیری حزبوڵڵا کار دەکات، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد: "من هاوڕام لەسەر کشانەوەی حزبوڵڵا لە باشووری رووباری لیتانی، بە مەرجێک ئەم هەنگاوە هاوتەریب بێت لەگەڵ کشانەوەی ئیسرائیل لەو ناوچانەی کە داگیری کردوون."
سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە "ئاگربەستێکی تەواو، گشتگیر و بێ مەرج" واژۆ بکرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بەو شەڕ و پێکدادانانە بهێنرێت کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.
ئەم قسانەی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچنە قۆناخێکی نوێوە؛ لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدات، حزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل بە توندی رێککەوتنی ئاگربەست و کشانەوەی هێزەکان رەت دەکەنەوە. تاران هۆشداریی توند دەدات و جەنگەکەش ئاسایشی وزەی جیهانی لە گەرووی هورمز خستووەتە مەترسییەوە.