شاندی ئیمراڵی لەگەڵ فراکسیۆنی ئاکپارتی کۆبووە
شاندی ئیمراڵی و ئاکپارتی لەبارەی رەشنووسی یاسای چوارچێوە کۆبوونەوە و ئاماژەی بەوەداوە کۆبوونەوەکان بەردەوامیان دەبێت.
شاندی ئیمرالی لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)کۆبوونەوە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی رەشنووسی "یاسای چوارچێوە".
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە لە نێو تەلاری پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، هەردوولا رەشنووسی یاسایەکی بنەڕەتییان تاوتوێ کردووە کە بە "یاسای چوارچێوە" یان یاسای ڕەگ و ریشە ناسراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەفدی ئیمرالی بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکانی لەسەر ئەم پڕۆژەیاسایە.
پێشتر پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی، لە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 24ـی ئایاری رابردوو، رایگەیاندبوو "پلانمان هەیە رەشنووسی یاسای چوارچێوە کە لە 7 بۆ 8 ماددە پێکدێت، پێشکەشی ئۆجەلان بکەین."
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەش کردبوو، لە کۆبوونەوە سێ کاتژمێرییەکەیاندا لە دوورگەی ئیمرالی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵسەنگاندنێکی درێژی بۆ ناوەڕۆک و چوارچێوەی یاساکە کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ئەم یاسایە ببێتە "یاسایەکی بنەڕەتی"، چونکە لە دوای دەرچوونی، پڕۆسەی دیموکراسی لە وڵاتدا خێراتر دەبێت.
پەروین بوڵدان سەبارەت بە ناوەڕۆکی یاساکە گوتبووی: "ئەم یاسایە تەنیا بۆ یەکجار دەردەچێت؛ بەپێی یاساکە ئەندامانی پەکەکە دەتوانن لە ماوەیەکی دیاریکراودا لەم یاسایە سوودمەند بن و بگەڕێنەوە بۆ تورکیا یان بچن بۆ هەر شوێنێکی دیکە کە خۆیان دەیانەوێت."