گرۆسی: نزیکین لە رێککەوتن لەگەڵ ئێران
رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لایەنەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر "پێکهاتەیەکی چوارچێوەی رێکخراوەیی" سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران نزیکن.
گرۆسی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە تەنیا لە چوارچێوەی پسپۆڕی خۆی و پرسی ئەتۆم قسە دەکات و گوتی "رێگەی تێدەچێت لانی کەم بگەینە ئەم رێککەوتنە، بۆ ئەوەی کاتی زیاتر بدەین بە لایەنەکان بۆ بەدواداچوونی بابەتەکانی دیکە."
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم جەختی لەوە کردەوە، کە پرسی "گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراو" چەق و بنەمای هەر جۆرە چارەسەر و لێکتێگەیشتنێکە. گوتیشی"پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەم بابەتە بدۆزینەوە، چونکە هەموو بژاردەکان لە رووی تەکنیکییەوە گونجاون."
سەبارەت بە بژاردە تەکنیکییەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی یۆرانیۆم، گرۆسی روونی کردەوە کە سێ رێگە هەن؛ یان گواستنەوەی راستەوخۆی یۆرانیۆمەکە بۆ دەرەوەی وڵات، یان هەڵوەشاندنەوە (رۆنانی) و پاشان گواستنەوەی، یاخود هێشتنەوەی لە ناوخۆی ئێران بە مەرجێک لە ژێر چاودێری وردی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدا بێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، رافایێل گرۆسی ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاری کۆتایی لەمبارەیەوە "بڕیارێکی سیاسییە"، هەرچەندە لە رووی تەکنیکییەوە هەموو رێگەکان کراوەن، بەڵام جێبەجێکردنیان هەندێک سەختیی تێدایە.