ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رێگەی پاکستانەوە وەڵامی ئەمریکای داوەتەوە

دواجار میدیای فەرمی ئێران ئاشکرای کرد، کە لە ئاستی باڵای کۆماری ئیسلامیدا پرۆژە پێشنیازەکەی ئەمریکا لە بارەی ئاگربەست و کۆتاییهێنان جەنگ بە وردی تاوتوێ کراوە و لە گەڵاڵە کردنی 10 خاڵ و لە رێگەی پاکستانەوە وەڵامی ئەمریکا دراوەتەوە.

دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئیرنا) بڵاوی کردووەتەوە، دوای دوو هەفتە لە پێداچوونەوەیەکی ورد لە ئاستی باڵا، کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی پاکستانەوە بە 10 خاڵ وەڵامی پێشنیازەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ داوەتەوە.

ئەو ئاژانسە ئێرانییە ئاماژەشی داوە، وەڵامدانەوەکە لە چوارچێوەی 10 خاڵدا پوخت کراوەتەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی پێشوو، بەشێکی رەتکردنەوەی ئاگربەستە، بەشەکەی دیکەشی جەختکردنەوەیە لەسەر پێویستی کۆتاییهێنانی تەواوەتی شەڕەکە، بەڵام بەو مەرجەی رێز لە تێڕوانینەکانی ئێران بگیرێت.

وڵامدانەوەکە کۆمەڵێک داواکاریی ئێران لەخۆدەگرێت، لەوانە کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە، گەڵاڵە کردنی پرۆتۆکۆلێک بۆ تێپەڕینی سەلامەت بە گەرووی هورمزدا، ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکراوەکان و هەڵگرتنی سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی.

هەروەها بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس ئاشکرای کردووە، ئێران وەڵامێکی 10 خاڵی بۆ پێشنیازی کۆتاییهێنان بە جەنگ رادەستی واشنتن کردووە. بەرپرسەکە وەڵامەکەی تارانی بە داواکاریی توند وەسفکردووە و رایگەیاندووە، هێشتا روون نییە ئایا ناوەڕۆکی ئەم خاڵانە دەرفەت بۆ چارەسەرێکی دیپلۆماسی دەهێڵنەوە یان وڵاتەکە بەرەو پێکدادانی گشتگیری سەربازیی دەبەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵا لە کۆشکی سپی بە کەناڵی سکای نیووز عەرەبی ڕاگەیاندووە, دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تاوەکوو ئێستا ڕەزامەندی لەسەر پێشنیازەکەی پاکستان بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئێران دەرنەبڕیوە.

بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لەلایەن ئیرناوە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەو وادەیەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێرانی دانابوو لە رێککەوتن و کردنەوەی گەرووی هورمز لەبەردەم جووڵەی بازرگانی دەریایی، لە بەهۆی جەنگەوە لە سەرەتای مانگی رابردووەوە داخراوە

بڕیارە کاتژمێری 03:00 بەرەبەیانی چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، ترەمپ لە رێگەی گوتارێکەوە تازەترین هەڵوێستی لە بارەی جەنگ و کۆتایی هاتنی وادەکە پێشکەش بکات.