سندووقی دراوی نێودەوڵەتی: جەنگی ئێران گەشەی ئابووری جیهانی سست کردووە

کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری گشتی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئابووری وڵاتانی کەنداو توانایەکی بەرزیان هەیە بۆ بەرگەگرتنی ئەو شۆکە ئابوورییانەی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروست دەبن، ئاماژەی بەوە شکرد، ئەم خۆڕاگرییە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی ئەو وڵاتانە بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و هەبوونی دامەزراوەی ئابووری بەهێز.

دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری گشتی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتن، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی بەهار، گوتی: "سندووقی دراو پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووری جیهانی و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو کەمێک دادەبەزێنێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ لێکەوتەکانی جەنگی ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر سندوقەکە پێشبینی گەشەی 3.3%ـی بۆ ئابووری جیهان لە ساڵی 2026دا کردبوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران بووەتە هۆی پەککەوتنی نزیکەی تەواوەتی جوڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز کە رێڕەوێکی سەرەکییە و پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و کاڵاکان، کە مەترسی هەڵاوسانی جیهانی لێ دەکرێت.

کریستالینا جۆرجێڤا ئاماژەی بەوەش کرد، رەنگە لایەنی ئەرێنیش هەبێت بۆ وڵاتانی کەنداو، ئەگەر بتوانن هەناردەی نەوت بەردەوام بکەن، بەرزبوونەوەی نرخەکان دەتوانێت داهاتیان زیاد بکات و کورتهێنانی بەرهەمهێنان قەرەبوو بکاتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد، چەند وڵاتێک داوای هاوکاری دارایی بەپەلەیان کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی ئەم جەنگە، بۆیە بڕیارە ئەم داواکارییانە لە کۆبوونەوەکانی بەهاری سندووقەکە و بانکی جیهانی تاوتوێ بکرێن.

کریستالینا جۆرجێڤا جەختی کردەوە: "سندووقی دروای نێودەڵەتی لە کاتی قەیرانەکانی رابردوودا لەگەڵ ئەندامەکانی بووە و ئێستاش ئامادەیە بۆ پاڵپشتیکردنیان، لە ئێستاشدا سندوقەکە بەرنامەی هاوکاری لەگەڵ 50 وڵاتدا هەیە و توانای قەرزپێدانی نزیکەی تریلیۆنێک دۆلاری هەیە بۆ پشتیوانیکردنی ئابوورییە زیانلێکەوتووەکان.