دوای داخرانی، هاتوچۆ رێگای نێوان سعوودیە و بەحرەین ئاسایی کرایەوە
دامەزراوەی گشتیی رێگاوبانەکانی سعوودیە رایگەیاند، هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەسەر پردی نێوان سعوودیە و بەحرەین دەستیپێکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی وەک رێکارێکی خۆپارێزی بۆ چەند کاتژمێرێک داخرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، دامەزراوەکە لە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاندووە، "هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەسەر رێگای شا فەهد دەستیپێکردووەتەوە" دوای ئەوەی چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا "وەک رێکارێکی خۆپارێزی داخرا."
ڕێگای شا فەهد کە پردێکی دەریاییە و سعوودیە و بەحرەین بەیەکەوە دەبەستێتەوە، درێژییەکەی نزیکەی 25 کیلۆمەتر و پانییەکەی 23.2 مەتر دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ دامەزراوەی پردی "شا فەهد" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، هاتوچۆی گەشتیاران و بارهەڵگرەکانیان لەسەر پردەکە بە تەواوی راگرتووە.
دەستەکە لە راگەیەنراوەکەیدا روونیشی کردەوە، راگرتنی جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری تەنیا رێکارێکی خۆپارێزییە بەرانبەر ئەگەری هەر هێرشێکی چەکداری، بەتایبەتی لە ترسی بەئامانجگرتنی ناوچەی رۆژهەڵاتی سعوودیە لەلایەن تارانەوە.
بەهۆی ئەم داخستنە لەناکاوەشەوە، سەدان ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر لە هەردوو دیوی سنوورەکە گیریان خواردووە.