دیاکۆ هاشمی کتێبی بابەتە زمانەوانییەکانمی بڵاوکردەوە

دیاکۆ هاشمی، نووسەر و وەرگێڕ، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناوی "بابەتە زمانەوانییەکانم"، کە لەلایەن ئەکادیمیای کوردی چاپکراوە، بڵاوکردەوە.

سێشەممە، 7ی نیسانی 2026، دیاکۆ هاشمی نووسەر و وەرگێڕ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "ئەم بەرهەمە، کە بەتەواوی بەگوێرەی رێنووسی هاوبەشی ئەکادیمیا و وەزارەتی پەروەردە داڕێژراوە، چاپکردنی لەلایەن بەرزترین مەرجەعی زانستیی زمانی کوردییەوە، متمانەیەکی گەورەیە بەو هەوڵە زانستییانەی کە لە پێناو ساخکردنەوە و دەوڵەمەندکردنی بەشە جیاوازەکانی زمانی کوردیدا دەدرێن."

دیاکۆ هاشمی گوتیشی، "ئەم کتێبە کۆمەڵێک گوتاری زمانەوانیی سەربەخۆ لەخۆ دەگرێت، کە هەر بەشێکیان بۆ تاوتوێکردنی پرسێکی دیاریکراوی زمانەوانی تەرخان کراوە. یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم بەرهەمە ئەوەیە کە من هەوڵم داوە قورسترین و ئاڵۆزترین بابەتە زمانەوانییەکان، بە زمانێکی سادە و پاراو دابڕێژمەوە. بەمەش، کتێبەکە نەک تەنیا بۆ پسپۆڕانی بوارەکە، بەڵکو بۆ مامۆستایان، قوتابییان و هەر تاکێکی کورد کە خەمی زمانی هەیە، دەبێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو."

ئەو نووسەرە باس لە تەوەرە سەرەکییەکانی کتێبەکە دەکات و دەڵێت، " لەناو لاپەڕەکانی ئەم کتێبەدا چەندان پرسی هەستیار و چارەنووسساز شیکارییان بۆ کراوە، کە گرنگترینیان بریتین لە، رێنووس و مۆرفۆلۆژی، واتە چارەسەرکردنی کێشەی بزوێنەکان "و، وو، ی، یی" و خستنەڕووی بنەما زانستییەکانی یاساکانی پێکەوەنووسین و جیانووسین لە پرۆسەی لێکدان و داڕشتندا. تەکنۆلۆژیا و ژیریی دەستکرد،  واتە خستنەڕووی ستراتیژییەکی سەردەمیانە بۆ یەکخستنی زمانی کوردی، تا بتوانێت لە سیستەمە دیجیتاڵییەکان و ژیریی دەستکرددا پێگەی شایستەی خۆی بەهێز بکات.

دیاکۆ هاشمی ئاماژەی بەوەش دا، "تەوەرێکی دیکەی سەرەکی ناو کتێبەکە وەکو، زاراوەسازی، واتە دانانی بنەما بۆ دروستکردنی زاراوەی زانستی بۆ نموونە جیاوازیی نێوان پاشگرەکانی "ناسی و زانی" و چۆنیەتیی ستانداردکردنی ناوی شوێنە بازرگانییەکان. کۆمەڵناسیی زمان،  واتە وەڵامدانەوەی پرسیارە قورسەکە کە بۆچی کورد خاوەنی یەک "زمانی هاوبەش" نییە؟، هەروەها شیکردنەوەی کاریگەریی هەژموونی زمانەکانی دراوسێ وەک فارسی و عەرەبی لەسەر زمانی کوردی."

لەکۆتایی قسەکانیدا، دیاکۆ هاشمی پەیامی خۆی دەربارەی کتێبەکەی باس دەکات و گوتی، "لە تێڕوانینی من دا، زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ ئاخاوتن، بەڵکو نیشتمانێکە کە تێیدا دەژین، بیر دەکەینەوە و کێیەتی و ناسنامەی خۆمانی تێدا دەبینینەوە. ئامانجی سەرەکیی من لەم بەرهەمەدا، دروستکردنی هەوێنی یەکخستنی رێنووسی کوردی و هاندانی نەوەی نوێیە تا بە شانازییەوە بە زمانێکی ستاندارد و زانستی بنووسن و بخوێننەوە. 

دیاکۆ هاشمی، نووسەر و وەرگێڕ، دانیشتووی وڵاتی سویدە،  بڕوانامەی وەرگێڕانی لەنێوان زمانەکانی سویدی، کوردی، فارسی هەیە، بڕوانامەی "رێنوێنکاری زمانی هەیە. چەندین کتێبی وەرگێڕان و فەرهەنگیی چاپ و بڵاوکردۆتەوە. ئێستاش وەک رێنوێنکاری زمان و وەرگێڕ لە سوید کار دەکات.