ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران: ئەمریکا ناچار بوو مەرجەکانمان قبووڵ بکات
چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی لە لایەن واشنتنەوە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "ناچار کراوە" پێشنیازە 10 خاڵییەکەی تاران قبووڵ بکات. ئەنجوومەنەکە جەنگی مانگی رابردووی بە "شکستێکی مێژوویی، حاشاهەڵنەگر و کەمەرشکێن" بۆ ئەمریکا ناوبرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرەتای ئەم جەنگەدا وا تێگەیشتبوون کە دەتوانن بە خێرایی باڵادەستیی تەواوەتیی سەربازی بسەپێنن و تواناکانی درۆن و موشەکی ئێران لەناو ببەن، بەڵام "رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئێرانییەکان و هاوپەیمانەکانیان وانەیەکی مێژوویی فێری دوژمن کرد." ئەنجوومەنەکە جەختی کردەوە، پلانەکانی ئەمریکا بۆ دابەشکردنی ئێران، تاڵانکردنی سامانی نەوت و گۆڕینی وڵات بۆ ناوچەیەکی ناسەقامگیر، بە تەواوەتی پوچەڵکراونەتەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران ئاشکرای کرد کە بەپێی رێنوێنییەکانی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵا ئێران بڕیاردراوە بۆ ماوەی 15 رۆژ دانوستان لە "ئیسلام ئاباد" بۆ کۆتاییهێنان بە وردەکارییەکان ئەنجام بدرێت. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە سەرۆکوەزیرانی پاکستان تارانەی ئاگادار کردەوە کە ئەمریکا مەرجە 10 خاڵییەکەی ئێرانی وەک بنەمای دانوستان قبووڵ کردووە.
ئێران رایگەیاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر ئەم 10 خاڵە رەزامەندی دەربڕیوە:
1 پابەندبوون بە هێرش نەکردنە سەر ئێران.
2 بەردەوامبوونی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا.
3 قبووڵکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
4 هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی پلە یەک (سەرەکییەکان).
5 هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی پلە دوو (لاوەکییەکان).
6 کۆتاییهێنان بە سەرجەم بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
7 کۆتاییهێنان بە سەرجەم بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
8 پێدانی قەرەبوو بە ئێران.
9 کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
10 راگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، لە وانەش جەنگ دژی حزبوڵڵا لە لوبنان.
ئێران جەختی کردەوە کە ئەمە بە واتای کۆتاییهاتنی جەنگ نییە، بەڵکوو تەنیا بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەست دەبێت تاوەکوو وردەکارییەکان لە ئیسلام ئاباد یەکلا دەکرێنەوە؛ هاوکات هۆشداریش دەدات و دەڵێت: "دەستمان لەسەر پەلەپیتکەیە و بە بچووکترین هەڵەی دوژمن، بە هێزێکی زیاترەوە وەڵام دەدەینەوە."
ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئەو "خەمە قووڵەی" بەهۆی کوژرانی رێبەرەکەیانەوە هەیانبووە، بەڵام ئێران توانیویانە تۆڵەی تاوانەکانی رابردوو بکەنەوە و وا لە ئەمریکا بکەن "بۆ هەمیشە بیری هێرشکردنە سەر ئێران لە مێشکی دەربهێنێت."