سەرۆکوەزیرانی پاکستان: هەینی داهاتوو ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد کۆدەبنەوە
چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە پەیامێکدا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ تەواوی هاوپەیمانەکانیان، لەسەر ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێ ڕێککەوتوون.
بەگوێرەی پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان، رێککەوتنی ئاگربەستەکە تەواوی ناوچە و بەرەکانی جەنگ دەگرێتەوە، بە تایبەتیش ئاماژەی بە لوبنان و شوێنەکانی دیکە کردووە. جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە لە ساتەوەختی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەیەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا دەوەستێنرێن.
شەهباز شەریف بانگهێشتی فەرمیی شاندەکانی واشنتن و تارانی کرد بۆ ئەوەی ڕۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026، لە شاری ئیسلام ئاباد ئامادە بن. ئامانج لەم کۆبوونەوانە، کە بە "دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد" ناوزەند کراوە، گفتوگۆکردنی ڕاستەوخۆیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی و یەکلاکەرەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی تەواوی ناکۆکییەکان و کۆتاییهێنان بە جەنگ بە شێوەیەکی یاسایی.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان بە گەرمی پێشوازی لەم هەنگاوە کرد و ستایشی دانایی و تێگەیشتنی سەرکردایەتیی هەردوو وڵاتی کرد. ڕایگەیاند: "هەردوولا ئاستێکی بەرزی ژیرییان نیشاندا و بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە بەشدار بوون بۆ سەرخستنی دۆزی ئاشتی و سەقامگیری." هیواشی خواست کە ئەم دانوستانانە ببنە مایەی دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی بەردەوام و ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ڕۆژانی داهاتوودا چاوەڕوانی هەواڵی ئەرێنیی زیاترن.